لە رێگەی واژۆ كردنی لێكگەیشتن نامەیەكەوە، شاری سلێمانی و شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان هەوڵی فراوانكردنی پەیوەندییەكانیان دەدەن لەبوارەكانی بازرگانی و وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی توانا مرۆییەكان و ئاڵوگۆڕی كلتوری و گەشەپێدانی ژێرخان.
رۆژی 25ی شوباتی 2015 ، دكتۆر ئاسۆ فەرەیدوون ، پارێزگاری سلێمانی بە یاوەری وەفدێك لە بەرپرسە حكومییەكانی پارێزگای سلێمانی كە پێكهاتبوون لە بەرێوەبەری وەبەرهێنان و كشتوكاڵ و بەرێوەبەری كارەبا و ڤێترنەری و و گومرگی باشماخ و ژووری بازرگانی سلێمانی سەردانی پارێزگای كوردستانی كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد.
لەسەردانەكەدا كە ماوەی دوو رۆژی خایەند، پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ لێپرسراوانی پارێزگای كوردستان و شاری سنەی ناوەندی ئەو پارێزگایە كۆبووەوە .
لە كۆبوونەوەكاندا تەئكیدكرایەوە لە گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو لا و بۆ ئەو مەبەستەش رێكەوتنێكی لێكگەیشتن لەنێوان دكتۆر ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگاری سلێمانی و عەبدول محەمەد زاهیدی پارێزگاری سنە واژۆ كرا.
رێكەوتنەكە لە بیست و پێنج خاڵ پێك دێت زۆر بواری لە خۆی گرتووە لەوانە:
جەختكردنەوە لە رێكەوتنامەكانی پێشوو و ئاڵوگۆر لەبوارەكانی پیشەی و فێركاری و هونەری و تەكنیكی و كارەبا و كشتوكاڵ و پزیشكی.
هەوڵدانی زیاتر بۆ بەرەسمی ناساندنی خاڵی سنوری سەیران بەندی بانە و چاكردنی رێگەی خاڵە سنورییەكان و كردنەوەی لقی بانكی میللی ئێران لە سلێمانی.
هەروەك لە بەشێكی تری لێكگەیشتن نامەكەدا هاتووە: هەردوو رێكەوتوون لەسەر پشگیری زیاتری چالاكییەكانی كەرتی تایبەت و پێشوازیكردن لە بەگەڕخستنی سەرمایە لەلایەن كەرتی تایبەتی هەردوو لاوە بەشێوەی هاوبەش.
لەبەشێكی تری لێكگەیشتن نامەكەدا هەردوو لا رێكەوتوون ئاسنكاری زیاتر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان و بەڵێندەرو بازرگانانی كوردستانی رۆژهەڵات بكرێت و رۆتینات لەو بارەیەوە كەمبكرێتەوە.
لەخاڵی 17ی لێكگەیشتن نامەكەدا هاتووە، كە پارێزگاكانی كوردستان و سلێمانی ئامادەییان دەربڕیووە بۆ بەدواداچوونی دامەزراندنی هێڵی ئاسمانی لەنێوان سلێمانی و شاری سنە.
هەر بەپێی رێكەوتنەكە و لە چەندین خاڵدا تەئكید كراوەتەوە لە گەشەپێدانی پەیوەندییەكان لەكەرتی كشتوكاڵ بە تایبەت لە بواری وەبەرهێنان و بازرگانی كاڵا كشتوكاڵییەكان و گواستنەوەی ئەزموون و فێركاری
هەروەك لەبواری هاوكاری زانكۆی و خوێندن و پزیشكیش لە رێكەوتننامەكەدا جەختكراوەتەوە لەسەر گەشەپێدانی پەیوەندییەكان.
سەبارەت بە پەیوەندییەكان لەبواری كلتور و رۆشنبیریدا لە خاڵی 23ی رێكەوتنەكە هاتووە: دوو لایەن ئامادەیی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە گەشەی پەیوەندییەكان و هاوكارییە فەرهەنگی ، هونەری و وەرزشییەكانی نێوان هەردوو لا.