وەبەرهێنانی بەریتانیا لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا 28 ملیار دۆلارە

 
بەپێی دواین ئامارەكان، بەهای وەبەرهێنانی بەریتانیا لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەیشتوەتە 28 ملیار دۆلار و بەرپرسانی ئەو وڵاتەیش تەئیكد لە پەرەپێدانی زیاتری بەهای وەبەرهێنان بۆ ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكەنەوە.
لە كۆنفرانسێكدا كە رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانیا لە لەندەن رێكیخستبوو و بەرپرسانی پەیوەندیداری هەریەكە لە وڵاتانی، ئیمارات، قەتەر، میسر و بەریتانیا تێدا بەشداربوون، ئاشكراكرا كە بەهای وەبەرهێنانی بەریتانیا بۆ وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتوەتە 28 ملیار دۆلار و دەخوازێت ئەو بەهایە بگەیەنێتە 35 ملیار دۆلار.
توبیاس ئەلود وەزیری كاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی حكومەتی بەریتانیا باسی لەوەكرد، چەند گرێبەستێكی دوو قۆڵیان لەگەڵ چەند وڵاتێكی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیمزاكردوە لە بوارەكانی وەبەرهێنانی دەرەكی، وزەدا و پەروەردەدا، كە بەشێكە لە پەرەپێدانی هاوكاری و هەماهەنگی ئابوری نێوان دەوڵەتی بەریتانیا و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ‌ ئەوەی ئاماژە بە كاریگەری دابەزینی نرخی نەوت و كاریگەرییەكانی لەسەر وەبەرهێنانی بیانی لە وڵاتانی عەرەبیدا هەبێت.
بەپێی دواین ئاماری بەشێك لە وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی كە بە پلەی یەكەم پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن، لەماوەی ساڵی رابردودا بەهای وەبەرهێنانی بیانی لەو وڵاتانەدا كەمبونەوەی بەخۆوەبینیوە.