نۆ ساڵ لەمەوبەر، لەپێناو بەرەوپێشبردنی پرۆسەی ئاوەدانییو گەشەكردنی ئابووریی كوردستاندا، یاسای وەبەرهێنان دەركرا. ئێستا دوای نۆ ساڵا لەئەزمونكردنو پراكتیزە كردن، باشتر لایەنە گەشو تاریكەكانی ئەم یاسایەمان لەبەرچاوە، هەربۆیە وا پێویست دەكات پێداچونەوەیەكی ورد بەم یاسایەو بەپڕۆژەكانی وەبەرهێناندا بكەینو ئەزمونی ئەم چەند ساڵەی پرۆسەی وەبەرهێنان لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتیدا شیتەڵكاریی بكەین.
راگەیاندنی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی، لەپەراوێزی هەموار كردنەوەی یاسای وەبەرهێناندا خستنەڕووی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بەپێویست دەزانێت:
یەكەم، گومان لەوەدا نییە كە ئابوری كوردستان بەر لەهەر شتێك پێویستی بەوەبەرهێنانو سەرمایەگوزارییە، گومان لەوەشدا نییە كە راكیشانی سەرمایە پێویستی بەهەلومەرجێكی دیاریكراوو چەند فاكتەرێكە بۆ ئەوەی متمانەو دڵنیایی بەخاوەنكارو سەرمایەدار ببەخشێت، كە گرنگترینیان كەمكردنەوەی رۆتینو ئەو بڕیارو رێنماییە قورسانەن خراونەتە سەرشانی وەبەرهێنەر، كاتێك وەبەرهێنەرو خاوەنكار روبەڕووی كۆمەڵێك بڕیارو رێنمایی دەستو پێ گیر ببنەوە كە كارو كاسپییان لێقورسو ئەستەم بكات، بیر لەرێگەیەكی دیكە دەكەنەوە، كە ئەویش گواستنەوەی سەرمایەكەیانە بۆ دەرەوەی كوردستان، ئەمەش ئەو ئەركە دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتەكانی یاسادانانو جێبەجێكردن كە بیر لەوە بكەنەوە هەلومەرجێكی گونجاو بۆ وەبەرهێنەران بڕەخسێننو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی كوردستان كارئاسانییان بۆ بكرێت نەك بەربەست لەبەردەم كارو پڕۆژەكانیان دابنرێت، ئەمە مەرجێكی بنەڕەتییە بۆ چالاك كردنی وەبەرهێنەرانی ناوخۆو هاندانی وەبەرهێنەرانی بیانیش بۆ سەرمایەگوزاریی كردن لەكوردستان.
دووەم، پێویستە دەرفەتی یەكسان بۆ وەبەرهێنەران بڕەخسێنرێت، كاركردنو پەنابردنە بەر قۆرغكاریی تەواو پێچەوانەی پەیڕەو كردنی بازاڕی ئازادە، قۆرغكاریی بازاڕ دەستپێشخەریو داهێنان لەبواری ئابوریدا دەكوژێت، دەبێت یاسا بەتەواوی دەرگا بەڕووی قۆرغكاریدا دابخات، چونكە بەبێ ئەم هەنگاوە دەرفەتی یەكسان بۆ كێبڕكێ كردنو هاتنەپێشەوەی باشترینەكان ناڕەخسێت.
سێهەم، هیواخوازین ئەم یاسایە رەوڕەوەی ئابووری لەكوردستاندا بخاتە گەڕ، زیاتر هانی پڕۆژە ستراتیژییەكان بدرێت بەتایبەتیش پیشەسازییو كشتوكاڵیی، گەشتیاریی ئابوری ببوژێنرێتەوە، چاوی لەسەر ئەو ئامانجە بێت كە بێكاری نەهێڵێت، گەلی كوردستان بەتوانا بكات، تواناكانی هەرێم پەرەپێبداتو ئاستی داهاتو ئابووری هاولاتیان بەگشتی باشتر بكات، فرەیی بەبواری وەبەرهێنان ببەخشێتو تەكنیكو تەكنەلۆژیای نوێ بگوازێتەوە بۆ كوردستانو توانای هەناردەكردن بەهێز بكات.
چوارەم، بۆ ئەوەی لەڕێگەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانەوە كوردستان لەڕووی ئابورییەوە بكەوێتە سەر پێی خۆی، پێویستە حكومەتی هەرێم پلانو ستراتیژییەكی زانستی پەیڕەو بكات، ژێرخانی ئابوری (ئاوو كارەباو وزەو سوتەمەنیو رێگەوبان) بەهێز بكات، توانای تەكنیكیو تەكنەلۆژیای كوردستان پەرەپێبداتو نوێ بكاتەوە، پەیوەندی لەنێوان كەرتە ئابورییەكان رێكبخات، هەروەها لەسەر حكومەت پێویستە ئەنجومەنێكی ستراتیژی بۆ ئەو بوارانە دابنێتو بەمەبەستی پێشخستنی پرۆسەی وەبەرهێنان سیستەمی كارگێڕی بەرەوپێش بباتو نوێبكاتەوە، بەهەمانشێوە لەسەر كەرتی تایبەتیش پێویستە كە بایەخ بەتۆژینەوەی كەڵك بدات بۆ پڕۆژەكانی بەشێوەیەكی زانستی.
پێنجەم، كوردستان پێویستی بەچاوخشاندنەوەیەكی وردە بەسیستەمی بانكییدا، ئەم سیستمی بانكییەی لەهەرێمدا پەیڕەو دەكرێت، سیستەمێكی بانكی كۆنو پەرپوتەو توانای ئەوەی نییە پشكی هەبێت لەپەرەدان بەپڕۆژەكانی وەبەرهێنانو بەشێوەیەكی سەردەمیانە خزمەتگوزاریی بانكیی ئەنجام بدات، ئەم شێوازی كاركردنە متمانەی بەبانك لەهەرێمی كوردستاندا یەكسان كردووە بەسفر.
شەشەم، پێویستە وەبەرهێنانی ساڵانی ئایندە كەرتی پیشەسازی بەپلەی یەكەم رەچاو بكات، بەئەندازەیەك كە ببێتە بزوێنەری گەشەپێدانی ئابوریی لەكوردستاندا، ستراتیژیو پلانێكی ناوەندخایەنو درێژخایەن بۆ ئەم كەرتە دیاریبكرێت. ئەگەر ئاڕاستەی وبەرهێنان روەو بوژانەوەو سەرپێ خستنی كەرتی پیشەسازی بێت ئەوا ئەم كەرتە دەتوانێت باشتر رۆڵی كارای خۆی لەئابوری كوردستاندا بگێڕێت، ئاوی كانزاییو چیمەنتۆ دو نمونەی هەرە دیارن بۆ سەلماندنی ئەم راستییە، تا ساڵی 2005 بەڕێژەی 100% ئاوی كانزاییو چیمەنتۆ لەئێرانو توركیاو وڵاتانی دیكەی ناوچەكەوە هاوردە دەكران، بەڵام ئێستا لەو بوارانەدا چەندین كارگە دامەزراونو پێداویستی كوردستان دابین دەكەن.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە پیشەسازی تەنیا كەرتێكی ئابوری نییە بۆ قازانجو بەرهەمهێنان، بەڵكو لێكەوتەی سیاسیو كۆمەلایەتیشی هەیەو ئەو بوارانەش بەرەو پێش دەبات، ئازادیو لیبرالیزمو دیموكراسیو كۆمەڵگەی مەدەنی لەسەرتاسەری جیهاندا دەستكەوتی گەشەپێدانی پیشەسازی بووە.
حەوتەم، هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستانو دابەزینی نرخی نەوت، دوو هۆكارن دەكرێت ببنە مایەی بەهێزكردنی كوردستانو دەرچون لەو خەمساردیو كەمتەرخەمییەی بەهۆی پشت بەستن بەداهاتی نەوتەوە لەهەرێمی كوردستاندا بەدیهاتبوو، زۆر ئاشكرایە كە نەوتو داهاتی نەوت نەبونە هۆی بوژاندنەوەی راستەقینەی ئابوری كوردستان، دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانتوانی كارێك بكەن كە بەنەوتو داهاتی شۆڕشێكی پیشەسازیو كشتوكاڵی لەكوردستاندا ئەنجامبدرێتو ئاڕاستەی وەبەرهێنان لەو دوو كەرتەدا چڕ بكرێتەوە، ئەگەر زۆربەی وڵاتان بەنەوت توانا ئابورییەكانیان فراوان كردبێت ئەوا نەوتو داهاتی نەوت لای ئێمە تواناكانی پوكانەوە، پێویستە وەبەرهێنان لەساڵانی ئایندەدا بەپلەی یەكەم چاوی لەسەر ئەوە بێت كە كوردستان لەوڵاتێكی بەكاربەرەوە بكات بەوڵاتێكی بەرهەمهێن، كاری گەورەی وەبەرهێنەران ئەوەیە سەرمایەگوزاری لەو كەرتە ئابورییانەدا بكەن كە پاشەڕۆژیین، نەك ئەوەی خێرا پارەو قازانجیان بۆ دێتەوە.
هەشتەم، وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستاندا كاتێك گەشەی تەواو دەكاو مەبەستەكانی دەپێكێت كە شەفافیەت پەیڕەو بكرێت، بەداخەوە لەم ساڵانەی دواییدا عێراقو كوردستانیش لەلایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانەوە لەڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدا پەنجەی تۆمەتیان بۆ رادەكێشرێت كە بەناشەفافیەتو گەندەڵی ناویان زڕاوە، گەندەڵی لەعێراقو كوردستانیشدا وەك دیاردەیەكی ئابورییو دارایی هۆكارێكە بۆ نایەكسانیو نادادپەروەریی.
راگەیاندنی ژووری بازرگانیو پیشەسازی سلێمانی