پارێزگاری سلێمانی چەند بڕیارێک دەردەکات

دكتۆر ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانی  بۆ كەمكردنەوەی رۆتین و ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیان و چاودێری كردنی باشتری  بازارەكان ژمارەیەك رێنمای نوێ‌ پەسەند دەكات بۆ پێدانی مۆڵەت بە پیشەوەرەكان و فرۆشگاكانی  سەوزەو میوە لە عەلوەی سلێمانی و شارو شارۆچەكان.
بەپێی رێنماییەكان پەسەندكراوەكان، بۆ پێدانی مۆڵەتی پیشەی بۆ ئەو پیشانەی هیچ تایبەتمەند نییە بە دەسەڵاتی هیچ فەرمانگەیەكی دیكە،  پێویستە خاوەن پیشە یان دوكاندار  داواكاری پێشكەشی قائیمقامیەت بكات و بروانامەی  ئەستۆپاكی و باجی دەرامەت هاوپێچ بكات و دواتر داواكار  رەزامەندی  ئاسایشی سلێمانی یان ناوچەكەی و بەرێوەبەرایەتی بەرگری  شارستانی و  بەرێوەبەرایەتی  خۆپاراستنی تەندروستی  وەربگرێت.
هەر بەپێی رێنماییەكان  بۆ هەموو پیشەكان دەبێت رەزامەندی لایەنی پەیوەندیداری پیشەكە وەربگیرێـت. 
لە رێنمایە پەسەندكراوەكاندا هاتووە، مۆڵەت بۆ ماوەی 2 ساڵ دەدرێت و پێویستە دوای 2 ساڵەكە مۆڵەتەكە تازە بكرێتەوە.
سەبارەت بە رێنماییەكانی  فرۆشگاكانی سەوزەو میوە لە عەلوەكان،  بەهەمان شێوە دەبێت خاوەنی فرۆشگە داواكاری پێشكەشی قائیمقامیەت بكات و ئەستۆپاكی  باجی دەرامەت هاوپیچ بكات و دواتر  رەزامەندی بەرێوەبەرایەتی كشتوكاڵ و ئاسایش و  بەرگری شارستانی  و خۆپاراستنی تەندروستی   وەربگرێت.
هەروەك پێویستە داواكار مۆڵەت چەند مەرج و رێنمایەك جێ‌ بەجێ‌ بكات كە بریتین لە:
یەكەم: خاوەنی فرۆشگا بێت لە عەلوەكان و رووبەری فرۆشگاكەشی  126 مەتر دووجا بێت ناوی بازرگانی نوسینگەو ژمارەیەكەی و ژمارەی تەلەفون لەسەر تابلۆی نوسینگەكەی هەبێت.
دووەم: پێویستە خاوەن فرۆشگا بەرادی ساردكەرەوەی هەبێت بۆ پاراستنی سەوزەو میوە.
هەروەها پێویستە خاوەن فرۆشگا رێنماییەكانی هۆبەی كشتوكاڵی  ناو عەلوەكان جێ‌ بەجێ‌ بكات كە بریتین لە: بەرهەمی خراپ و بەسەرچوو نەفرۆشێت، نرخ هەڵبواسێت،  پابەندی ئەو نرخانە بێت كە لەلایەن لیژنەی نرخ دانانەوە  دادەنرێت و رۆژانە ئامادە بێت بۆ هەر جۆرە پشكنینێك كە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەت و لیژنەی چاودێری گومرگی عەلوە یان هەر لیژنەیەكی تر ئەنجام دەدرێت.
هەروەك پێویستە لەسەر خاوەن فرۆشگەكانی ناو عەلوەكان تەنیا سەوزەو میوە بفرۆشن و  بەروبوومەكانی وەشكەو كەلوپەلی تر .
هەر لەرێنماییەكانی فرۆشگەكانی میوەو سەوزە بۆ عەلوەكان هاتووە، كە دەبێت فرۆشیار پابەند بێت بە لیستی قەدەغەكراوەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و  مامەڵە نەكردن بە بەروبوومی قاچاخ 
بەپێی رێنماییەكانیش ، مۆڵەت بۆ ماوەی دوو ساڵ دەدرێت و پاشان دەبێت تازە بكرێتەوە.