حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌بڕی 14 ترلیۆن دینار بودجه‌ی‌ 2013ی په‌سه‌ندكرد

ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پڕۆژه‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتووی‌ په‌سه‌ندكردو پێشبینیش ده‌كرێت كه‌ له‌ماوه‌ی‌ كه‌متر له‌ مانگێكدا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بگاته‌ په‌رله‌مان به‌مه‌ستی‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ری‌ و پاشان په‌سه‌ندكردنی‌.
له‌دانیشتنی‌ ئه‌مڕۆی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت پڕۆژه‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2013 په‌سه‌ندكراو، له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌عد خالد وه‌زیری‌ رێكخه‌ری‌ كاره‌كانی‌ نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت به‌ ماڵپه‌ری‌ ئێن ئاڕتی‌ راگه‌یاندوە كه‌ بوجه‌ی‌ ساڵی‌ داهاتوو به‌ 14 ترلیۆن دینار خه‌مڵێنراوه‌.
هه‌روه‌ها وتیشی‌ كه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بۆ پێداچونه‌وه‌ی‌ ئه‌و پڕژه‌ بودجه‌یه‌ پێكهێنراوه‌وه‌ وابڕیاریشه‌ له‌ماوه‌ی‌ یه‌ك هه‌فته‌دا بنێردرێته‌ “ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ هه‌رێم” سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ داد بۆ داڕشتنه‌وه‌ی‌ پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران .
سه‌عد خالد راشیگه‌یاند كه‌ پێده‌چێت له‌ماوه‌ی‌ كه‌متر له‌ مانگێكدا ئه‌و بودجه‌یه‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بكرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ری‌ پاشان په‌سه‌ندكردنی‌.