عێراق نەوت هەناردەى باکوورى ئەفریقا دەکات

 
عێراق هەوڵدەدات لە رێگەى ئوردن ـ میسر، نەوت هەناردەى وڵاتانى باکوورى ئەفریقا بکات.



دواى کۆبوونەوەى عادل عەبدولمەهدى وەزیرى نەوتى عێراق و محەممەد حامد وەزیرى وزەى ئوردن، وەزارەتى نەوتى عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: “عێراق هەوڵدەدات لە رێگەى ئوردن ـ میسر نەوت هەناردەى وڵاتانى باکوورى ئەفریقا بکات”.



بەپێی بەیاننامەکە: “وەزیرى وزەى ئوردن جەختى لەسەر گرنگى هاوکاریى نێوان ئوردن، عێراق و میسر کردەوە لە بوارەکانى نەوت و غازى سروشتى بە ئامانجى بەهێزکردنى ئاسایشی وزەى ستراتیژى نێوان هەرسێ وڵات”.



وەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، وەزیرى وزەى ئوردن گوتوویەتى، وڵاتەکەى لەگەڵ میسر لەبوارى نەوت و غازى سروشتى و میکانیزمەکانى گواستنەوەى لەنێوان ئوردن و میسر هاوکاری تەواو دەکات، جەختیشی لەسەر گرنگى پەلەکردن لە راکێشانى بۆرى نەوتى نێوان ئوردن ـ عێراق و گەیاندنى بۆ میسر کردەوە، بەو پێیەى دەروازەى رۆژهەڵاتى عەرەبیە بەڕووى وڵاتانى باکوورى ئەفریقا، “راکێشانى ئەو بۆرییە نەوتەش بەژرەوەندییە هاوبەشەکانى نێوان هەرسێ وڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە”.



حکومەتى عێراق هەوڵدەدات لە رێگەى بیابانى پارێزگاى ئەنبارەوە بەدرێژایی 1700 کیلۆمەتر بۆرییەکى نەوت بۆ ئوردن رابکێشێت، کە بڕى 18 ملیار دۆلارى تێدەچێت و دەبێت لە ساڵى 2017ش تەواوبکرێت.