براندێکی دیکەی جیهانی لە هەولێر دەست بە بەرهەمهێنان دەکات

 
سافی دانوونی فەڕەنسی، کە براندێکی تایبەتە بە بەرهەمە شیرەمەنییەکان و لە 136 وڵاتی جیاواز بەرهەمهێنان دەکات، ئێستا لە هەولێر دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە.



 ئەو کارگەیە بەرهەمەکانی بە ناوی (ئەکتیڤیا) لە بازاڕەکانی کوردستان بڵاودەکاتەوە و لە دوایین پشکنینەکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵ دەرچووە.



سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان لە پارێزگای هەولێر، رايگەیاند، ئەو پرۆژەیە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتی پێدراوە و پرۆژەکە بە سەرمایەی 46 ملیۆن دۆلار دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە و لە ئێستادا زیاتر لە 120 کرێکار کار لەو پرۆژەیە دەکەن، کە سەدا 90ی کرێکاری خۆماڵین و بەرهەمەکانی شیرەمەنی بە گشتی دەخاتە بازاڕەکانی کوردستان.



بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەولێر ئەوەشی راگەیاند، کە ئەو کارگەیە ساڵانە 30 هەزار تۆن پێداویستی نێوخۆیی لە بەرهەمە شیرەمەنییەکان دابیندەکات و یەکەم لقی ئەو براندەش لە کوردستان لە هەولێرە.
 
 رووداو