حکومەتی عێراقی بەنیازە11 ترلێۆن قەرزبکات

 
نوسینگەی سەرۆک وەزیری عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق بەمەبەستی کەمکردنەوەی کورتھێنان لە بودجەی ٢٠١٥ عێراق، بەنیازە بڕی ١١ ترلیۆن دینار لەبانکی ناوەندی و بانکەکانی رافیدەین و رەشید قەرز بکات.
.”سەعد حەدیسی”‌ وتەبێژی نوسینگەی سەرۆک وەزیری عێراق رایگەیاند: دەکرێت ئەو قەرزکردنە ببێتە مایەی چارەسەکردنی کورتھێنانی بودجەی ٢٠١٥و ھیواشی خواست بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیھاندا، کورتھێنانەکە، کەمبکاتەوە.قەرزکردنی ناوخۆ لە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٥دا پەسەندکراوە، ئەویش لەڕێی کڕینی سەنەد و حەواڵەکانی خەزێنە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کە بەوتەی ئەو، وەک قەرزکردنێکی شاردراوە وایە.‌
 
وتەبێژی نوسینگەی سەرۆک وەزیری عێراق وتیشی: حکومەت نزیکەی پێنج ترلیۆن دیناری تر لەبانکەکانی رەشید و رافیدەین قەرز دەکات و ئەوەش رەنگە ببێتە مایەی چارەسەکردنی بەشێک لەو کورتھێنانە داراییەی کە لەئێستادا ھەیە.
 
ھەفتەی رابردوو وەفدی ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم سەردانی بەغدادیان کرد و لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا “حەیدەر عەبادی” سەرۆک وەزیرانی عێراق بە وەفدەکەی ھەرێمی کوردستانی راگەیاندبوو، دراوی نەختینە لە بانکەکانی حکومەتی عێراقدا نییە تا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات.