ھەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە ٧٥٠ ملیۆن دۆلار ھەیە

 
 

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەیەنیت ھەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە ٧٥٠ ملیۆن دۆلار ھەیە، بەڵام ٤٠٢ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە.

 

“ئەحمەد حاجی رشید” بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە: حکومەتی عێراق لە مانگی کانوونی دووەمەوە لە رێگەی ٢٩ کۆمپانیای جیھانییەوە بەبڕی سێ ملیارو دووسەدو پەنجاو ھەشت ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە، بەڵام عێراق بۆ یەک مانگ پێویستی بەسێ ملیارو شەش سەد ملیۆن دۆلار ھەیە، بۆیە بەغداد ناچارە مانگانە تەنھا بۆ مووچە ٣٥٠ ملیۆن دولار قەرز بکات.

سەبارەت بەھەرێمی کوردستانیش ئەحمەد حاجی رشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندووە، لە بودجەی ساڵی ٢٠١٥ دا نزیکەی پێنج ترلیۆن و ھەشت سەدو شەش ملیارو سەدو حەوت ملیۆن دینار بۆ مووچەی ساڵێکی ھەرێم تەرخان کراوە، کە مانگانە دەکاتە نزیکەی چوار سەدو دوو ملیۆن دۆلار، بەڵام ھەرێم پێویستی بەنزیکەی ٧٥٠ ملیۆن دۆلار ھەیە.