90%ی كارگەكانی سلێمانی دادەخرێن

 
 
سەرۆكی ژووری بارزگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی ئاشكرای دەكات 90% كارگەكانی پارێزگای سلێمانی داخراون هۆكارەكەشی “حكومەتی هەرێم هیچ هاوكاریەكی كارگەكان ناكات”.
سیروان محەممەد، سەرۆكی ژووری بارزگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ (تۆڕی میدیایی رووداو) ئاماژە بەوە دەكات، 90%ی كارگەكانی پارێزگای سلێمانی داخراون، لەبارەی هۆكارەكەشی گوتی: “حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو هاوكاریی كارگەكان ناكات، هەموو سنوورەكانیشی كردووەتەوە بۆ هاتنی هەموو جۆرە بەرهەمێكی دەرەكی، بەو جۆرەش بەرهەمی كارگەكانی ناوخۆ كەمترینیان دەفرۆشرێن، بۆیە زۆرینەیان بەناچاری دایانخستووە”.
سەرۆكی ژووری بازرگانی ‌و پیشەسازی سلێمانی، تاكە ئومێدی لەسەر ئەوە هەڵچنیوە كە وەزارەتی پیشەسازی ‌و بازرگانی هەرێمی كوردستان، بەچەشنی حكومەتی ناوەندی عێراق، بەشێك بۆ پاراستنی بەرهەمە نێوخۆییەكان بكاتەوە. ئەو گوتی “پێشنیازمان بۆ وەزارەتی پیشەسازی ‌و بازرگانی هەرێمی كوردستان كردووە، بەشێك بكاتەوە بەناوی بەشی پاراستنی بەرهەمە نێوخۆییەكان، ئەوانیش بڕیاریانداوە ئەو بەشە بكەنەوە، ئێستا كار بۆ ئەوە دەكەن”.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 3 هەزار‌و 765 كارگە هەن، هەزار‌ و298یان كارگەی گەورەن‌و هەزار‌و 735یان بچووكن‌ و 732 شیان پڕۆژەی پیشەسازین.