كەرتی تایبەت ملیۆنێك‌و 500 هەزار هەلی كاری رەخساندووە

 
 
راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، كەرتی تایبەت ملیۆنێك‌و 500 هەزار هەلی كاری رەخساندووە، كەرتی كشتوكاڵیش كە لەسەدا 20ی هێزی كاری كەرتی تایبەت كاری تێدا دەكەن، بەڕێژەیەكی كەم بەشداری لە كۆی بەرهەمی ناوخۆییدا دەكات.


 مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كۆی ئەو كرێكارانەی لە كەرتی تایبەتدا كار دەكەن بەهەموو بوارەكانەوە، دەگاتە یەك ملیۆن‌و 500 هەزار كرێكار، زۆربەی ئەو كرێكارانەش كارا نین، بەهۆی ئەو بەربەستانەی ڕووبەڕووی كەرتی تایبەت بوونەوە.


 راشیگەیاند: كەرتی كشتوكاڵ كە بەرێژەی تەنها لەسەدا 6 بەشداری لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی عیراقدا دەكات، لەسەدا 20ی كرێكارانی كەرتی تایبەتی لەخۆگرتووە، واتا لەسەدا 20ی كرێكارانی كەرتی تایبەت لە كەرتی كشتوكاڵدا كار دەكەن، بەڵام بەرهەمێكی ئەوتۆیان نییە,
 
هەرچەندە لە خولی پێشووی پەرلەمانی عیراقدا، یاساكانی تاریفەی گومرگی‌و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی‌و پاراستنی بەكاربەر پەسەندكران، بەڵام ئەو یاسایانە تائێستا پەسەند نەكراون، كە هۆكارێكی گرنگ دەبن بۆ بوژانەوەی كەرتی تایبەت لە عیراقدا.