هه‌نارده‌ی نه‌وت 400هه‌زار به‌رمیل و 2 ملیار دۆلار كه‌مبۆته‌وه‌

 
 
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاشكرای ده‌كات، ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ مانگی رابردوو رۆژانه‌ زیاتر له‌ 400 هه‌زار به‌رمیل كه‌میكردوه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیانی زیاتر له‌ دوو ملیار دۆلاری له‌ بودجه‌ داوه‌.
عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاشكرایكرد، ئاستی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی خاو له‌ عێراق دابه‌زیوه‌ بۆ (دوو ملیۆن و 535) هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا، له‌كاتێكدا مانگی رابردو رۆژانه‌ (دوو ملیۆن و 940) هه‌زار به‌رمیلی هه‌نارده‌ كردووه‌.
جیهاد ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ دوو هه‌فته‌ی مانگی رابردوو كه‌شوهه‌وا كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی باشوور هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر سه‌رجه‌می هه‌نارده‌كراوی نه‌وتی عێراق. 



وته‌بێژەکەی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئه‌وه‌شی ڕوونكرده‌وه‌ ناوه‌ندی نرخی فرۆشتنی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت 41 دۆلار و 45 سه‌نت بووه‌ و داهاته‌كه‌شی (3 ملیار و 258) ملیۆن دۆلار بووه‌، له‌كاتێكدا له‌ مانگی رابردوو داهاتی فرۆشتنی نه‌وت (5 ملیار و 247) ملیۆن دۆلار بووه‌.