كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی ساڵی رابردوو لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان و میسر 683 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە.
لە راگەیەنراوێكدا كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی كە لەبواری بەرهەمهێنانی غازی سروشتیدا كار دەكات ئاشكرایكردوە، لەساڵی 2014دا كۆی داهاتەكانیان گەیشتۆتە 683 ملیۆن دۆلار، كە بەراورد بەساڵی 2013 بەڕێژەی لەسەدا 5 زیادیكردوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە نرخی نەوتو غاز لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردوودا بەڕێژەیەكی زۆر دابەزینی تۆماركرد.
وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: زیادبوونی داهاتەكانی كۆمپانیای دانەغاز، بەشێوەیەكی سەرەكی بەهۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی كۆمپانیاكە بووە لە هەرێمی كوردستانو میسر، بەجۆرێك لەساڵی رابردوودا قەبارەی بەرهەمهێنان لە كێڵگەكانی كۆرمۆرو چەمچەماڵ لە هەرێمی كوردستان بەڕێژەی لەسەدا 3 زیادیكردوەو گەیشتۆتە 10 ملیۆنو 400 هەزار هەزار بەرمیل لە هاوتای نەوت، هەروەها لە كێڵگەكانی میسریش قەبارەی بەرهەمهێنانی كۆمپانیای دانەغاز بەڕێژەی لەسەدا 9 زیادیكردوەو گەیشتۆتە 14 ملیۆنو 600 هەزار بەرمیل لە هاوتای نەوت،
پێشتریش كۆمپانیای دانەغاز لە ڕوونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردبوو، كە لەساڵی 2007وە تاكۆتایی ساڵی 2014، لەگەڵ هاوبەشەكانیان بڕی یەك ملیارو 200 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لە كێڵگەكانی كۆرمۆرو چەمچەماڵدا كردوەو لەماوەی ئەو شەش ساڵەدا 130 ملیۆن بەرمیل هاوتای نەوتیان بەرهەمهێناوە لە غازی سروشتیو شلەی خەست.