دكتۆر ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ نوێنەری ئەو كۆمپانیا نەوتیانە كۆبووە كە لە سنوری پارێزگای سلێمانی سەرقاڵی كاركردنن.
لە كۆبوونەوەكەدا 8 كۆمپانیای بواری نەوت و قائیمقام و بەرێوەبەری ئەو قەزا و ناحیەیانە ئامادەبوون كە كۆمپانیاكان كاری تێدا دەكەن .
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ كرا لەسەر ئەو پرۆژە خزمەتگوزاریانەی كۆمپانیاكان پێشكەشی ناوچەكانیان كردووە لە رابردوودا و پلانی پرۆژەكانیان بۆ ساڵی 2015 و ئەو كێشەو گرفتانەی كە كۆمپانیاكان دێتە رێگەیان.
لە كۆبوونەوەكەدا راگەیەندرا كە لە كۆی ئەو 8 كۆمپانیایەی لە پارێزگای سلێمانی لەبواری نەوتدا سەرقاڵی كاركردن 3 كۆمپانیایان كارەكانیان گەیشتووەتە ئاستی بەرهەمهێنان و ئەوانی تر سەرقاڵی گەڕان و پشكنین و تا ئێستا بەرهەمیان نەبووە.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كرا لە ماوەی رابردوودا سەرجەم كۆمپانیاكان بەرێژەی جیاواز پرۆژەی خزمەتگوزاری و گشتیان لەو ناوچانە ئەنجامداوە كە تیدا سەرقاڵی كاركردنن.
دكتۆر ئاسۆ فەریدوون پارێزگاری سلێمانیش بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە نوێنەری كۆمپانیاكان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تیشكی خستەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت.
پارێزگار رایگەیاند : لە چەند ساڵی رابردوودا كۆمپانیاكان هەندێك پرۆژەیان پێشكەشی ئەو ناوچانە كردووە كە كاریان تێدا كردووەو رۆڵیان هەبووە لە دروستكردنی ژێرخانی ناوچەكە بەڵام لە كۆبوونەوەكەدا داوامان كردووە كاری باشتر بكەن و ئەوەی كراوە وەك پێویست نەبووە.
وتیشی: لە كۆبوونەوەكەدا داوامان كردووە پلانی ساڵی 2015یان لەماوەیەكی دیاریكراودا ئامادە بكەن بۆ ئەوەی لەم كاتەدا كە وڵاتەكەمان بەبارودۆخێكی ئابوری ناهەمواردا تێدەپەرێت و هاوكارمان بن و بەشێك بن لە دروستكردنی ژێرخانی ئابوری ئەم وڵاتە.
پارێزگار وتیشی: داوامان لە كۆمپانیاكان كردووە رۆڵی كاراتر ببینن لە خستە سەركاری دەستی كاری ناوخۆی و لەم چوارچێوەیەشدا داوامان كردوە ۆرك شۆپ ئەنجام بدەن بۆ خوێندنكارانی بەشە پەیوەندیدارەكان بە پرۆسەی نەوت كە لە زانكۆكانی سلێمانی 4 بەشی پەیوەندیدار بەم بابەتەوە هەیە.
وتیشی: نوێنەری كۆمپانیاكان بەڵێنیان داوە ۆرك شۆپ بۆ خوێندكاران بكەنەوەو و راهێنانیان پێ بكەن و ئەو كەسانەی كارامە و خاوەن توانا بوون بیانخەنە سەركار.
لە بەشێكی تری كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا نوێنەری كۆمپانیاكان ئەو پرۆژانەیان خستەروو كە لەماوەی رابردوودا ئەنجامیان داوەو پلانی پرۆژەكانیشیان بۆ ساڵی داهاتوو ئاشكرا كرد