ژماره‌ی‌ ملیاردێره‌كانی‌ جیهان ده‌گاته‌ ئاستێكی‌ پێوانه‌یی‌

 
 

ژماره‌ی‌ خاوه‌ن ملیاره‌كان له‌جیهان ده‌گاته‌ ژماره‌یه‌كی‌ پێوانه‌یی‌ كه‌ له‌ئێستادا 2089 ملیاردێره‌، بۆ یه‌كه‌مجاریش هند ژماره‌ی‌ ملیاردێره‌كانی‌ زیاتره‌ له‌وانه‌ی‌ به‌ریتانیا‌و روسیا، وه‌ك ئه‌و راپۆرته‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ده‌وڵه‌مه‌ندانی‌ جیهان له‌ساڵی‌ 2015 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا 22%ی‌ دانیشتوانی‌ جیهان له‌ژێر هێڵی‌ هه‌ژارییه‌وه‌ن.

 

 راپۆرته‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن په‌یمانگای‌ هورون بۆ توێژینه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتوه‌، له‌ساڵی‌ 2014 ملیاردێره‌كانی‌ جیهان 222 ملیاردێری‌ تریان بۆ زیاد بوه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێیان له‌چین-ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تائێستا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌پێشه‌نگی‌ وڵاتانی‌ جیهاندایه‌ له‌روی‌ ژماره‌ی‌ خاوه‌ن ملیاره‌كان كه‌ ده‌گه‌نه‌ 537 ملیاردێری‌ نیشته‌جێی‌ ئه‌و وڵاته‌، به‌دوای‌ ئه‌ویش چین دێت به‌ 430 ملیار دێر، پاش ئه‌وه‌ی‌ له‌ساڵی‌ 2014دا له‌و وڵاته‌ 72 ملیاردێری‌ تر تۆماركران.



لای‌ خۆیه‌وه‌ وڵاتی‌ هندستان سه‌ركه‌وت بۆ پله‌ی‌ سێیه‌م پاش ئه‌وه‌ی‌ ئاماری‌ خاوه‌ن ملیاره‌كانی‌ له‌ 70 وه‌ بۆ 97 ملیاردێر زیادیكرد، به‌مه‌ش پێش روسیا كه‌وته‌وه‌ كه‌ خاوه‌نی‌ 93 ملیاردێره‌، له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا كه‌ 80 ملیاردێری‌ هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌لیستی‌ په‌یمانگای‌ هورون هه‌یه‌.



راپۆرته‌كه‌ ده‌شڵێت، ملیاردێره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ به‌سه‌ر 67 وڵاتی‌ جیهاندا دابه‌شبون.



له‌روی‌ شاره‌كانیشه‌وه‌ تائێستا نیویۆرك پایته‌ختی‌ جیهانه‌ له‌ژماره‌ی‌ ملیاردێره‌كاندا به‌ 91 ملیاردێر، له‌نده‌نیش له‌پله‌ی‌ پێنجه‌مدا ماوه‌ته‌وه‌ به‌ 49 ملیاردێر، به‌ڵام شه‌ش شاری‌ ئاسیایی‌ چونه‌ته‌ ناو ده‌ یه‌كه‌می‌ شاری‌ ملیاردێره‌كان كه‌ ئه‌وانیش مۆمبای‌، هۆنگ كۆنگ، په‌كین، شینجین، تاپێ‌و شه‌نگه‌های‌-ن.



به‌پێی‌ راپۆرته‌كه‌ بیڵ گه‌یتس له‌پێشه‌نگی‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین كه‌سی‌ جیهان ماوه‌ته‌وه‌ به‌سامانی‌ 85 ملیار دۆلار. له‌دوای‌ ئه‌ویش ملیاردێری‌ مه‌كسیكی‌-لوبنانی‌، كارلۆس سه‌لیم له‌پله‌ی‌ دوه‌مدا دێت به‌ 83 ملیار دۆلار، دواتریش وارن بافیت به‌سێه‌م‌و 76 ملیار دۆلار. هاوكات دامه‌زرێنه‌ری‌ فه‌بسبوك، مارك زوكربیرگ (ته‌مه‌ن 30 ساڵ) بۆ جاری‌ یه‌كه‌م به‌رزبوه‌ته‌وه‌ بۆ لیستی‌ 10 ده‌وڵه‌مه‌ندترینی‌ جیهان.



راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌و ئافره‌تانه‌ش ده‌دات كه‌ به‌پشت به‌ستن به‌خۆیان سه‌روه‌ت‌و سامانیان به‌هه‌وڵی‌ خودی‌ پێكه‌وه‌ ناوه‌و رایگه‌یاند، چین له‌پێشه‌نگی‌ وڵاتانی‌ جیهاندا له‌ژماره‌ی‌ ئه‌و ئافره‌تانه‌دا به‌جۆرێك له‌كۆی‌ 69 ئافره‌تی‌ گه‌یشتو به‌سه‌روه‌ت‌و سامان 35یان له‌چینن.



زیادبونی‌ ژماره‌ی‌ ملیاردێره‌كان له‌كاتێكدا به‌پێی‌ راپۆرتی‌ رێكخراوه‌ مرۆڤدۆست‌و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش ئاستی‌ هه‌ژاری‌ له‌جیهان بۆ پله‌یه‌كی‌ باڵا سه‌ركه‌وتوه‌.



له‌و باره‌یه‌وه‌ رێكخراوی‌ گلوپی‌ جیهانی‌ راپۆرتێكی‌ له‌باره‌ی‌ هه‌ژاری‌ له‌جیهان له‌ساڵی‌ 2014 بڵاوكردوه‌ته‌وه‌‌و تیایدا ئاماژه‌دات نزیكه‌ی‌ 22%ی‌ دانیشتوانی‌ جیهان له‌ژێر هێڵی‌ هه‌ژارییه‌وه‌ن.