هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ری خێرا له‌سەر سنووری توركیا و عێراق

 
 
پێشبینی ده‌كرێت به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هێڵی ئاسنینی كۆماری توركیا بڕی 720 ملیۆن دۆلار ته‌رخان بكات بۆ پڕۆژه‌ی گه‌یاندنی هێڵی ئاسنینی نوسه‌یبین به‌ خاپوره‌وه‌.
 به‌پێی پلان هێڵی ئاسنینه‌كه‌ له‌ وێستگه‌ی نووسه‌یبینه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات و به‌و وێستگانه‌ی نووسه‌یبین-جزیره‌-سلۆپی- خاپوور تێپه‌ڕ ده‌بێت و له‌ ڕێگه‌ی خاپووریشه‌وه‌ ده‌گات به‌ عێراق.
له‌ چوارچێوه‌ی پلانی كاری پڕۆژه‌ی باشووری خۆرهه‌ڵاتی ئانادۆڵو GAP، هێڵێكی ئاسنین به‌درێژایی 133.3 كیلۆمەتر بنیات ده‌نرێت كه‌ ده‌بێتە هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌لی كار و خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌یی بۆ هاووڵاتییانی ناوچه‌كه‌ دابین ده‌كات.
بری تێچووی ئه‌و هێڵه‌ ئاسنینه‌ كه‌ دوو وڵات به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، 720 ملیۆن دۆلاری بۆ خەملەندراوە. هێڵه‌كه‌ش له‌ دوو خه‌ت پێك دێت كه‌ شارۆچكه‌ی نووسه‌یبینی مێردین به‌ شارۆچكه‌كانی ئدیل، جزیره‌ و سلۆپیه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.
به‌ته‌واو بوونی پڕۆژه‌كه‌، هاتوچۆی نێوان مێردین و شرناخ به‌ یه‌ك هێڵ ده‌به‌سترێته‌وه‌، كه‌ بێ پچڕان به‌رده‌وام ده‌بێت و توانایه‌كی خێرای هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ بواری ئابوورییشدا گرنگی خۆی هه‌یه‌. 
 هێڵه‌ ئاسنینه‌كه‌، به‌شێوه‌یه‌ك رێكده‌خرێت كه‌خێرایی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ به‌پێی مه‌به‌سته‌كه‌ دیاری كراوه‌ بۆ شه‌مه‌نده‌فه‌ری بار له‌ سه‌عاتێكدا 120 كیلۆمەتر و بۆ شه‌مه‌نده‌فه‌ری نه‌فه‌ر هه‌ڵگریش له‌ سه‌عاتێكدا 160 كیلۆمەتر بێت. تێكڕای وه‌ستانی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌ هه‌ر وێستگه‌یه‌كدا 15 خوله‌ك ده‌بێت، به‌مه‌ش گه‌شتیكی شه‌مه‌نده‌فه‌ر 81 خوله‌كی پێدەچێت.
 بۆ رێگای هێڵه‌ ئاسنینه‌كه‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا 7 پرد، 8 تونێل و 2 وێستگه‌ی نوێ له‌ جزیره‌ و سلۆپی دروست ده‌كرێت.