ئاشكراكردنی ئامارە ئابوورییەكانی ئەمریكا بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی جیهانداو دابەزینی نرخی زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو.
بەپێی ئامارە ئابوورییەكانی رۆژی هەینی، كەرتی كاری ئەمریكا سەركەوتووبوو لە دەستەبەركردنی بری 257 هەزار هەلی كاری نوێ، ئەم ئاستەش بە بەرزترین ئاستی هەلی كار دادەنرێت لە ئابووری ئەمریكادا.
لەلایەكی دیكەوە رێژەی بێكاری لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و ئاستەكانی 5.7% تۆماركرد، ئەمە لەكاتێكدایە لەلایەن ئابووریناسانەوە پێشبینی دەكرا رێژەی بێكاری بۆ ئاستەكانی 5.5% دابەزین تۆمار بكات.
ئاشكراكردنی ئامارە ئابوورییەكانی ئەمریكا بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی جیهانداو دابەزینی نرخی زێڕ بۆ ئاستی 1234$ بۆ هەر ئۆنسێك.
بەم شێوەیەش نرخی یەك گرام زێڕ دابەزینی تۆماركرد بۆ 39.66$ و یەك كیلۆ زێڕیش، بەڕێژەی 13 خاڵ دابەزینی تۆماركرد بۆ 39.657.62$.
گەشەكردنی ئامارەكانی كەرتی كاری ئەمریكا پێشبینییەكانی بەرزكردنەوەی نرخی سوود لەلایەن بانكی فیدراڵی ئەمریكاوە بەهێزتر دەكات، ئەمە لەكاتێكدایە لەماوەی هەفتەی رابردوودا بەهۆی ئاشكراكردنی چەندین ئاماری ئابووری تایبەت بە هەر یەكە لە ئەڵمانیا، فەڕەنسا، یۆنان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەهای دۆلاری ئەمریكی بەشێوەیەكی ناجێگیر لە بازاڕە داراییەكاندا مامەڵەی دەكرد و لەكۆتایی رۆژی هەینیشدا بەرزبوونەوەی تۆماركرد لە بەرامبەر سەرجەم دراوە سەرەكییەكاندا.
رووداو