سەرۆكی كۆنگرەی هێزەكانی سەحوەی عێراق(ئەحمەد ئەبوریشە) رایگەیاند، لەمیانەی سەردانیاندا بۆ ئەمەریكا دەستكەوتی گەورەی ئەمنی و ئابورییان بەدەستهێناوە، كە دیارترینان پێشكەشكردنی بری 8.8 ملیارد دۆلارە بە حكومەتی عێراق.
لە بەیاننامەیەكدا نوسینگەی ئەبوریشە باسی لەوەكردوە، كە پێشتر ئەمەریكا بڕیاریدابوو، كە 1.6 ملیارد دۆلار بدات بە عێراق، بەڵام ئەوان توانیویانە كە ئیدارەی ئەمەریكا رازیبكەن، كە بڕەی بگۆڕیت بۆ 8.8 ملیارد دۆلار.
رۆژی 30 كانونی دووەمی رابردو، وەفدێكی عەشایەری پارێزگاری ئەنبار سەردانی ئەمەریكایان كرد و لەیەلایەن بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمەریكاوە پێشوازیان لێكرا و دواتر میدیاكان بڵاویان كردەوە، كە ئیدارەی ئەمەریكا رازیبوە، كە لەرووی سەربازی و ئەمنییەوە هاوكاری عەشیرەتەكانی پاریزگاكە بكات.
ساڵی 2006 و لەمیانەی كۆكردنەوەی هێزەكانی سەحوەدا، چەكدارە عەشایەرەكان چەكدارەكانی قاعیدەیان لە پارێزگای ئەنبار دەركرد و لەسەرەتای هاتنی داعشیش لەماوەی ساڵی رابردودا، بەشێكی ئەم عەشیرەتانە هاوشانی هێزە ئەمنییەكان و سوپای عێراق شەڕی داعش دەكەن.