سلێمانی 80% كارگەكان داخراون

 
 

لە دوای ساڵی 1991 و ڕزگاربوونی هەرێمی كوردستان لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی پێشووی عێراق ، ساڵی 2013 هەرێمی كوردستان گەورەترین گەشەسەندنی لە زۆربەی بوارەكاندا بەخۆوە بینی و تەنها لەو ساڵەدا و لە شاری سلێمانی ئاستی گەشەسەندنی پیشەسازی گەیشتە چوار ملیار دۆلار.

بەڵام ساڵی 2014 لە هەرێمی كوردستان بۆ هەموو كەرتەكان بەبێ جیاوازی ساڵی قەیران بوو، لەنێویان كەرتی پیشەسازی پشكی گەورەی ئەو زیانەی بەركەوتووە و رووبەڕووی داكشانی زۆر بووەتەوە.

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “2014 ساڵێكی قەیراناوی بوو،  كە بەسەر هەرێمی كوردستان هات و رووبەڕووی چەند قەیرانێك بووینەوە ، حكوومەتی ناوەند بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، دروستبوونی شەڕی داعش و داخستنی ڕێگاو بانەكانی نێوان هەرێم و شارەكانی دیكەی عێراق، لەگەڵ قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا”.

ئەو گوتی: “ساڵی 2013 پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی پێشكەوتنی گەورەی بەخۆوە بینی و تەنها لەو ساڵەدا لە سلێمانی چوار ملیار دۆلار پیشەسازی كراوە، بە تایبەت لە بوارەكانی كارگەكانی چیمەنتۆ و خشت و دەرمان و كاغەز و بوتڵی خواردنەوە گازییەكان.”

ساڵی 2014 ئەو ڕێژەیە زۆر هاتەخوارەوە و بەهۆی ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەو بڕە پارەیەی تەرخانی كردبوو بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازی نەیتوانی پابەند بێت پێوەی بە پێدانی ئەو بڕە قەرزە، ئەوەش بووە هۆی ڕاگرتنی كەرتی پیشەسازی”.

لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی زیاتر لە دوو هەزار و 300 كارگەی جۆراو جۆر تۆماركراوە.

سیروان محەمەد دەڵێ‌: “80 لەسەدی ئەو كارگانە داخراون و جگە لە زیانەكانی كە بەسەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، هەزاران كەسیش بێكاربوون”.

خاوەنی كارگەكانی سلێمانی نیگەرانن لە بەردەوام بوونی قەیرانەكان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەشەی كارگەكان كە تائێستا ماونەتەوە بەرەو داخران هەنگاو دەنێن و بازاڕیان زۆر لاوازە.

بەڕێوەبەری كارگەیەكی خشت ئاماژەی كرد بەوەی پێشتر سێ‌ مانگ نۆرە دەگیرا بۆ كرینی بەرهەمەكانیان ، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی ئەو قەیرانە داراییەوە بازاڕیان وەستاوە و فرۆشیان زۆر كەمبووەتەوە.

ئەكرەم عوسمان كە لە كارگەیەكی دروستكردنی دیكۆرات لە سلێمانی كار دەكات گوتی: “ماوەی شەش مانگە بازاڕمان وەستاوە و فرۆشتنی كاڵاكانمان بەڕێژەی 70 لەسەد كەمبووەتەوە، ئەوەیش مەترسی داخستنی كارگەمانی زیاد كردووە”.

لەلای خۆیەوە خاوەنی كارگەیەكی دروستكردنی چینكۆ زریان جەلیل گوتی: “ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە بەهۆی بەردەوامی قەیرانەكانەوە كارەكانمان زۆر كەمی كردووە، بەشێوەیەك لە مانگێكی ئێستادا تەنها هێندەی هەفتەیەكی پێشتر كار دەكەین”.

ئەو گوتی: “زۆربەی ڕۆژ لە قازانج ناكەین و ئەو كاڵایانەشی كە دەیفرۆشین بە قەرزە و پارەكانمان نادەنەوە، ئەوەش وای كردووە بیر لە داخستنی كارگەكەم بكەمەوە”.

2014 ساڵێكی قەیراناوی بوو،  بۆ سەر هەرێمی كوردستان،  حكوومەتی ناوەند بودجەی هەرێمی كوردستانی نەداو، دروستبوونی شەڕی داعش و داخستنی ڕێگاو بانەكانی نێوان هەرێم و شارەكانی تری عێراق، لەگەڵ قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا ئەمانە هەمووی كاریگەری زۆریان لەسەر جومگەكانی ژیان لە هەرێمی كوردستان دروست كرد.