كۆنتڕۆڵی جۆر و نرخی ماسی دەكرێت

 
 
ماسی یەكێكە لە خوارنە سەرەكییەكان، كە لە ئێستادا خواستێكی زۆری هاوڵاتیانی لە سەرە، قائیمقامیەتی سلێمانی كارئاسانی دەكات بۆ فرۆشتنی ماسی  لە بازار و دوكانەكاندا بە شێوەیەكی تەندروست و بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیش چاودێری نرخەكەی دەكات.



قائمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە:  ئاوات محەمەد ؛قائیمقامی سلێمانی؛ لەگەڵ نوێنەرانی بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی، ڤیترنەری سلێمانی و بریكارەكانی هێنانی ماسی كۆبویەوە.



قائیمقامی سلێمانی لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاندووە: “پشتگیری تەواوی بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی ماسی دەكەین، كە بە شێوەیەكی تەندروست و زانستی لە بازارەكاندا ساغبكرێنەوە بە جۆرێك نرخ و جۆری ماسییەكەش دیاری بكرێت، لە لایەن بەرێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانیەوە كۆنترڵی نرخ و جۆرەكانی ماسی دەكرێت”.



جەختیشی كردەوە: “قائیمقامییەتی سلێمانی كارئاسانی تەواو پێشكەشی بریكارەكانی هێنانی ماسی دەكات و لە لایەن لیژنە هاوبەشەكانیشەوە چاودێری چۆنییەتی ساغكردنەوەی ماسی دەكرێت و هەر فرۆشیارێكیش پابەندی مەرجە تەندروستییەكان نەبێت لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەكرێت”.