دڵشاد گه‌رمیانی‌: شه‌رعی‌ نییه‌ ئافره‌تێكی جوان خۆی بڕازێنێته‌وه‌و له‌ ته‌له‌فزیۆن ده‌ربكه‌وێت

دڵشاد گه‌رمیانی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان رایگه‌یاند شه‌رعی‌ نییه‌ ئافره‌تێكی جوان خۆی بڕازێنێته‌وه‌و له‌ ته‌له‌فزیۆن ده‌ربكه‌وێت و هه‌واڵ بخوێنێته‌وه‌.



ماوه‌یه‌كه‌ ده‌نگۆی‌ ناڕه‌زایی له‌ناو به‌رپرسانی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنی‌ چه‌ند كچه‌ بێژه‌رێكی‌ كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌ “په‌یام” ی‌ زمانحاڵی‌ ئه‌و حیزبه‌ له‌لایه‌ن میدیاكانه‌وه‌ ده‌وروژێنرێت، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ كه‌ناڵه‌كه‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌.



دڵشاد گه‌رمیانی‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ “ئاوێنه‌” ده‌ڵێت “هیچ پاساوو زه‌روره‌تێی شه‌رعی‌و ده‌عه‌وی نابینم ئافره‌تێكی به‌رچاوو جوان خۆی بڕازێنێته‌وه‌و هه‌واڵ‌ بخوێنێته‌وه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆن”.



هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “99%ی ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ئێمه‌ له‌كاتی‌ تێكه‌ڵاوی خێزانیماندا، پیاوو ئافره‌ت پێكه‌وه‌ دانانیشین”.



رونیشیكردووه‌ته‌وه‌ “من له‌و بڕوایه‌دام ده‌بێ‌ خوشكان ئیشوكاریان به‌ ته‌واوه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ پیاوان جودا بێت‌و هیچ زه‌روره‌ت‌و پاساوێك نابینم خوشكێك یان چه‌ند خوشكێك له‌ سه‌ركردایه‌تیدا بن له‌گه‌ڵ‌ پیاوان، یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پیاوێك بچێته‌ ناو ئه‌وان‌و ببێته‌ ئه‌ندامی سكرتارییه‌تی‌ خوشكان‌و له‌گه‌ڵیاندا بێت”.



دڵشاد گه‌رمیانی‌ كه‌ به‌ناسراوه‌ له‌ناو حیزبه‌كه‌یدا رای‌ جیاوازی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ركردایه‌تی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ به‌تایبه‌تی‌ له‌مه‌سه‌له‌ ئاینییه‌كاندا، له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیارێك له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت “ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ ره‌هایی راست نییه‌، هه‌ندێكجار له‌سه‌ر هه‌ندێ‌ بابه‌تی‌ فیقهی راجیایی ده‌بێت‌و له‌ناو خۆماندا به‌ ئاسایی وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام ناحه‌زو نه‌یاره‌كانمان ترش‌و خوێی پێوه‌ده‌كه‌ن”.