بانكی ناوەندی عێراق سنوودار دەكرێت

 
 
قەبارەی بەرزكردنەوەكانی بانكی ناوەندی عێراق لەمانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بەبەراورد لەگەڵ مانگی پێشخۆیدا پاشەكشێی تۆماركردووە و دوایین مامەڵەی فرۆشتنی دۆلاریش لەو بانكە لەیەكەم مانگدا گەیشتە 2.8 ملیار دۆلار.



بەپێی بەیاننامەیەكی بانكی ناوەندی عێراق،” بە بەراورد لەگەڵ مانگی كانوونی یەكەم، یەكەم مانگی ئەمساڵ قەبارەی فرۆشتنی دراوی بیانی گەیشتووەتە دوو ملیارو 870 ملیۆن‌و 355 هەزار دۆلاری ئەمەریكی”، ئەمەش لەكاتێكدایە كۆتا مانگی 2014 قەبارەكە 3.8 ملیار دۆلار بووە.



ئەو قەبارەیەش بەئاستێك بووە كە دوو ملیار و 483 ملیۆن ‌و 286 هەزار دۆلار لەرێگەی حەواڵەوە فرۆشراوە و 386 ملیۆن ‌و 15 هەزار دۆلاریش بەنەختی فرۆشراون.



هەفتانەش ئەو بانكە پێنج دانیشتنی فرۆشتن ‌و كڕینی دراوی بیانی ئەنجامدەدات، كە یەكشەممە تاوەكو پێنجشەممە بەردەوام دەبێت‌ و لەكانوونی دووەمیش 19 بەرزكردنەوەی ئەنجامداوە و لەرۆژانی پشووی فەرمی دەوڵەتیش پرۆسەكانی راگرتووە.



لەمانگی رابردوو تاكە رۆژێك كە توانی بەرزترین ئاستی فرۆشتن تۆمار بكات رۆژی حەوتی مانگ بووە، كە قەبارەی فرۆشتنی دۆلاری 250 ملیۆن ‌و 297 هەزار دۆلاری فرۆشت‌ و لەبەرامبەریشدا 28 كانوونی دووەم نزمترین ئاست بەفرۆشتنی 40 ملیۆن‌و 151 هەزار دۆلار.



هاوكات لەساڵی 2014 بانكی ناوەندی 49 ملیارو 579 ملیۆن‌و 738 هەزار دۆلاری فرۆشتوەو  پێشبینیدەكرێت قەبارەی فرۆشتنی دۆلار لەمساڵەدا بەهۆی بودجەی گشتییەوە پاشەكشێ تۆمار بكات.



بەپێی یاسای بودجەی گشتی، بانكی ناوەندی پابەندكراوە بە سنووداركردنی فرۆشتنی دراوی بیانی بەئاستی 75 ملیۆن دۆلار لەرۆژێكدا تێپەڕ نەكات ‌و هاوسەنگیش لەفرۆشتن دروست بكات.



داواش لە بانكە بەشداربووەكانی بەرزكردنەوەی كڕین ‌و فرۆشتنی دراوی بیانی سەرجەم بەڵگەو دیكۆمێنتەكانی خۆیان لەهەژماركردن‌ و كۆكردنەوەی گومرگی لەماوەی 30 رۆژ دوای كڕینی دراوی بیانی بخەنەڕوو، ئەگینا رووبەڕووی سزادەبنەوە.



لەبارەی یاسا نوێیەكەی فرۆشتنی دراوی بیانی، هیچ زانیارییەك لەبارەی كاریگەرییەكانی دیناری عێراقی بەو پرۆسەیە نەخراونەتەڕوو، پێشبینی دەكرێت بەو هۆیەوە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بەرزبوونەوە تۆمار بكات. ئەمەش لەكاتێكدا بانك یەك دۆلاری ئەمەریكی بە 1166 دینار دەفرۆشێت‌و لەبازاڕەكانیدا نرخەكەی لە سەرووی 1300 دینارە.



جەبار عەبادی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەوەكردووەتەوە ” یاسای بودجە بۆ یەك ساڵی داراییەو بانكی ناوەندی ناچارە پابەندی ئەو یاسایە بێت لەمساڵەدا بەبەرزنەكردنەوەی ئاستی 75 ملیۆن دۆلارە فرۆشراوەكەی”.



هۆكاری دانانی ئەو یاسایەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە،” بانكی ناوەندی قەبارەی فرۆشتنی رۆژانەی دەگەیشتە 300 ملیۆن دۆلارو مەترسی لەیەدەگی دراوی بانك دروست كردووە، پێویست بوو كۆت و بەندێك بۆ ئەو قەبارەیە دەستنیشان بكرێت”. عەبادی ئەوەشی گوتووە ” ئەوە پرسە لەكاتێكدا شوشتنەوەی پارە لەم وڵاتە بەشێوەیەكی بێوێنە بەڕێوەدەچێت”.