بانكی ناوەندی چەند بڕیارێكی دەركرد

 
بانكی ناوەندی عیراق چەند بڕیارێكی بۆ پاڵپشتیكردنی گەشەپێدان و ئابووری عیراق دەركرد و بە پێی بڕیارەكەش پاكتاوكردنی حسابی بانكەكان لە دەرەوە بە دۆلار ئەبێت.



بانكی ناوەندی عیراق لە بەیاننامەیەكدا، ڕایگەیاندووە: “بانكی ناوەندی بۆ پاڵپشتی كردنی پڕۆسەی گەشەپێدانی ئابووری عیراق چەند بڕیارێكی دەركرد، كە گرنگترینیان بریتیە لە ڕەزامەندی دان لە سەر دامەزراندنی نوێنەری بانكە تایبەتەكان لە ئەنجومەنی ئیدارەی بانك ناوەندی”.



ئاشكراشی كردووە: “بانكی ناوەندی بۆ ئاسانكاری لە هێنانی خۆراك و كەل و پەل بە بێ‌ ئەوەی پێویست بە فرۆشتنی پارە بكات لە ڕێگەی بانكەكەوە، بڕیاریداوە، كە حسابی بانكەكان لە دەرەوە بە دۆلاری ئەمریكی بێت”.



لە بڕیارێكی دیكەی ئەو بانكەدا هاتووە، كە پێویستە پەلە بكرێت لە بە یاساكردنی یاسای پاراستنی دانراوەكان (ودائع) و داواكردن لە حكومەت، كە چەكی بانكە تایبەتەكان لە دامەزراوەكانی حكومەت وەربگیرێت، بە هەمان شێوەش بۆ باج و ڕەسمەكان.



بڕیاری كۆتایی بانكی ناوەندی تایبەتە بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە پەیكەری سوودەكان.