نەوت 60 ملیار دۆلار زیانی بە عێراق گەیاندووە

 
 
بەهۆی دابەزینی بەهای نەوت‌و لەدەستدانی سەدا 60 ی نرخەكەی‌و سەرهەڵدانی شەڕی داعش، پێشبینی دەكرێت عێراق لەمساڵدا زیانی دارایی گەورەی لێبكەوێت، بەئاستێك قەبارەكەی لەدەیان ملیار دۆلار تێپەڕدەبێت.



لەناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردوو، بەهای نەوت لە 100 دۆلاری ئەمەریكیەوە بۆ هەر بەرمیلێك، تا كۆتاییەكانی كانونی یەكەمی 2014، دابەزینی بۆ سنووری 50 دۆلاری ئەمەریكی، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری كردە سەر قەبارەی داهاتی دارایی عێراق.



پسپۆڕانی ئابووری لەبارەی داڕمانی بەهای نەوت‌و ناسەقامگیری ئاسایش لەو وڵاتە، هۆشدارییان داوەتە بەغدا لەچارەسەرنەكردنی قەیرانە داراییەكانی ئایندەی، كە رووبەرووی دەبنەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە شكست بەدەستبهێنێت لەبەرزنەكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆیدا. لەپاڵ ئەوانەشدا سەرجەم جومگەكانی دەوڵەت لەدوای 2006 رووبەڕووی گەندەڵی ‌و بەڕێوەبەردنی لاوازی ‌و شەڕی تایفیی بووەتەوە.



هەروەها پێشبینیدەكرێت بەغدا ئەمساڵ ملیارەها دۆلار زیانی پێبكەوێت‌و بارگرانی زیاتر بۆ حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیران دروستببێت.



كەمبوونەوەی داهاتی دارایی لەپاڵ سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، توانای سوپای ئەو وڵاتە لاوازدەكات‌و هێزی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نابێت كە ئێستا بەرۆكی گرتووە. جەخت لەوەشدەكرێتەوە ساڵانێكی زۆرە، حكومەت پشتی بەیەك سەرچاوە بەستووە بۆ دابینكردنی داهات، كە ئەویش نەوت بووە، بۆیە پێویستە ئەو وڵاتە سەرچاوەكانی فراوانتر بكات، چونكە پشت بەیەك سەرچاوە هیچ كات سەركەوتوو نەبووە.



فۆریس پۆلیسی لەراپۆرتێکی خۆیدا دەڵێت “سەركردەكانی حكومەتی بەغدا لەهەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەنجامدانی سیاسەتی سكهەڵگوشین، دەیانەوێت خۆیان لە كاریگەرییەكانی پاشەكشێكردنی نەوت رزگار بكەن،دەیانەوێت لەرێگەی كەمكردنەوەی بودجەی توانای عێراق بەهێزبكەن بۆ ئەنجامدانی هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی سەر داعش ، كە بڕیارە لە بەهاری ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت”.



چاودێران باس لەوەش دەكەن “دابەزینی نەوت زیانی 60 ملیار دۆلار لە 2015 لە عێراق دەدات‌و سیاسییەكانی ئەو وڵاتەش زەنگی مەترسییان لێداوە لەتوانای خەرجكردنی خەرجییە سەربازییە زلهێزەكان”.