رێككەوتنەكەی (هەولێر – بەغدا) بەرەوکوێ؟ ‌

 
 
بەهۆی رەوانە نەكردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێكدا بۆ سەر حسابی كۆمپانیای سۆمۆ لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، رێكەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و بەغدا رێككەوتنیان ئیمزا كردووە،‌ كە پێویستە لەسەرەتای ئەمساڵدا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. دەبوو پێشتر بەغدا بەشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات كەچی رەوانەی نەكردووە.
كێشە دروستبووە
رێباز محەمەد حەملان وەزیری دارایی‌و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، تائێستا لەگەڵ بەغدا رێككەوتنەكەمان نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەپێچەوانەوە كێشەی تێكەوتووە، چونكە حكومەتی عیراق هیچ پارەیەكی رەوانەی كوردستان نەكردووە،‌ كە دەبوایە لە‌مانگی 12ی 2014ەوە پارەی رەوانە بكردایە.
وتیشی: «كێشە دروستبووە لە‌نێوان بەغداو هەولێر هۆكاری رەوانەنەكردنی بودجەی پێشوەخت بۆ كوردستان لەلایەن بەغداوە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كێشە لە‌نێوان وەزارەتی نەوتی عیراق‌و سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم دروستبووە».
كوردستان ناتوانێت ئەو بڕە بنێرێت
هەر سەبارەت بەو پرسە، د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی لیژنەی نەوت‌و سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان بەئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندووە، هۆكاری دروستبوونی كێشە لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم‌و وەزارەتی نەوتی عیراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە،‌ كە دەبوو كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بخاتە سەر حسابی كۆمپانیای سۆمۆوە، لەبەرامبەردا بەغداش وەك سەرەتایەك بودجە رەوانەی كوردستان بكات، بەڵام بەغدا دەڵێ هەرێم رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانە كردووە نەك 250 هەزار بەرمیل.
ئاماژەی بەوەشدا، دوای بەدواداچوونی لیژنەی سامانە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، دەركەوتووە،‌ كە حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەغدا دابین بكات.
هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان
سەرۆكی لیژنەی نەوت‌و سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێ: «وەزیری سامانە سروشتییەكان پێی راگەیاندوین كە رێككەوتنەكە وایە جارێ ئەو بڕە نەوتە بخرێتە سەر حسابی سۆمۆ نەك هەر لەسەرەتاوە 250 هەزار بەرمیل‌. هۆكارێكی تریش ئەوەیە حكومەتی هەرێم مووچەی مانگەكانی (7، 8، 9، 10)ی لەسەر داهاتی نەوت دابین كردووە، بۆیە ئێستا پێویستە پابەند بێ لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە نەوتی پێ فرۆشتوون، دەبێ نەوتیان بۆ دابین بكات».
روونیشكردەوە، ئەنجوومەنی نەوت‌و غازی كوردستان لەسەر ئەوە رێككەوتووە، كە رۆژانە چەند بەرمیل نەوت رەوانەی سەر حسابی كۆمپانیای سۆمۆ بكەن، ئەوەندە پارە لەبەغدا وەربگیردرێت. ئێستاش هەوڵەكان بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی كە هاتوونەتە پێش.
سەرۆكی لیژنەی نەوت‌و سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێ: «ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاری داوە دەبێ بەهەر جۆرێك بێ ئەو رێككەوتنە جێبەجێبكات، ئەگینا بەغدا بەشە بودجەی هەرێم نانێرێت».
هەڵوێستی حكومەتی هەرێم
لەكۆتایی ساڵی پار حكومەتی هەرێم‌و ناوەند لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتن. بەپێی ئەو رێكەوتنە كە بڕیار بوو لەسەرەتای ساڵی نوێ بخرێتە بواری جێبەجێكردن. دەبێ كوردستان، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی حكومەتی عیراق بكات، هەروەها 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوكیش بۆ بەندەری جەیهانی توركی بگوازێتەوە. لەبەرامبەردا بەشە بودجەی كوردستان، (17%) دیاری بكرێ‌و هەروەها خەرجییەكانی پێشمەرگەش‌ بخرێتە ناو بودجەی گشتیی عیراقەوە.
سەبارەت بەقەیرانی دارایی لەكوردستان، وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم دەڵێ: «كێشەی زۆرمان هەیە ژمارەیەكی زۆر پەنابەر رووی لەكوردستان كردووە، كوردستان لەشەڕدایە بۆیە بەئاسانی لەم قەیرانە داراییە دەرباز نابین».
هاوكات لەدوا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ئاماژە بەوە كرا، «لێكنەگەیشتنێك لەگەڵ بەغدا هەیەو حكومەتی عیراق پێیوایە كوردستان دەتوانێت رێژەیەكی زیاتری نەوت لەوەی كە لەسەری رێككەوتووین بداتە بەغدا، بەڵام حكومەتی هەرێم بەڕاشكاوی وتویەتی، لەتواناشماندا بێت، لەو رێژەیە زیاتر نادەین كە لەسەری رێككەوتووین، جگە لەمە لەڕووی تەكنیكیشەوە ناكرێت، چونكە ژێرخانی پێویست بۆ نارنی زیاتر نییە».