بودجەی گشتی عێراق بۆ یەكەمجار لەكاتی خۆی پەسەندكرا.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە دوای دانیشتنەكەی پەرلەمان سازیان كرد، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند بودجەی گشتی بە رێككەوتنی سیاسی لەنێوان هەموو لایەنەكان پەسەند كراوە. جەختشیشان كردەوە كە لە بودجەدا پارەی پترۆدۆلار بۆ پارێزگاكان دیاریكراوە.
ئەندامانی لیژنەی دارایی لە كۆنگرەكەدا راشیانگەیاند كە یەكەمجارە بودجەی گشتیی عێراق لەكاتی خۆیدا پەسەند دەكرێت. بودجەی گشتیی عێراق 119 ترلیۆن دینارە و بڕی كورتهێنان لە بودجە بە 23 تریلۆن دینار خەمڵێندراوە، لەو پرۆژە یاسایەدا هەر بەرمیلێك نەوت بە 56 دۆلار داندراوە. خەرجی بەكاربردن 77 تریلۆن دینار و خەرجیی وەبەرهێنانیش بە 41 تریلۆن دینار دیاریكراوە.
لە بودجەی عێراقدا پشكی 17% ی هەرێمی كوردستان، بۆ یەكەمجاریش پشكی پێشمەرگە و پارێزگای هەڵەبجە جێگیركران.
 
بەگوێرەی ئەو پرۆژە بوودجەیەی پەسەندکراوە، رێکكەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە و دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی خۆیی و 300 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بكات.
هەر لەو پرۆژە بوودجەیە بڕی 2 ملیار دینار بۆ ئاوادانکردنەوەی پارێزگای هەڵەبجە دیاریکراوە، ئەمە جگە لەوەی کە پشکی ئەو پارێزگایە لە پشکی هەریمی کوردستان دانراوە. نەجیبە نەجیب ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو پرۆژە بودجەیەدا 50 هەزار پلەی دامەزراندن جێگیركراو پشکی هەرێمی کوردستانیش 6 هەزار و 800 هەلی دامەزراندنە.