پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2015ی عێراق كەمكرایەوە

 

 

لیژنەی دارایی پەرلەمانی
عێراق رایگەیاند لیژنەكەیان بڕیاریدا قەبارەی بودجەی خەمڵێنراوی ساڵی ٢٠١٥ی عێراق
لە ١٢٥ ترلیۆن دینارەوە بۆ ١١٩ ترلیۆن كەمبكاتەوە، بەو هەنگاوەش پشكی هەرێمی
كوردستان لە بودجەی فیدراڵی ٢٠١٥ كەمدەبێتەوە
.

ئەحمەد
حاجی رەشید، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی
راگەیاند: “بەهۆی دابەزینی نرخی فرۆشتنی نەوت و كورتهێنانی بودجەی ٢٠١٥
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا قەبارەی بودجەی خەمڵێنراوی ساڵی ٢٠١٥ی
عێراق لە ١٢٥ ترلیۆن دینارەوە بۆ ١١٩ ترلیۆن دینار كەمبكاتەوە “.

ئەحمەد
حاجی رەشید گوتیشی “هاوكات لیژنەی دارایی داهاتی گشتی لە پرۆژە یاسای بودجەی
فیدراڵی ساڵی ٢٠١٥ لە ٩٩ ترلیۆن دینارەوە بۆ ٩٤ ترلیۆن دینار كەمكردووەتەوە، بەڵام
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا كورتهێنانی پێشبینیكراوی بودجەی ٢٠١٥ وەك خۆی ماوەتەوەو
دەگاتە سەرووی ٢٥ ترلیۆن دینار“.

ئەم
هەنگاوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هاوكات پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی
فیدراڵی عێراق كە بە ١٧%ی بودجەكە دیاریكراوە كەمتر دەكاتەوە.

هاوكات
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دوێنێ بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی بەرمیلێك نەوتی خاوی عێراق
لە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٥ لە ٦٠ دۆلارەوە بۆ ٥٥ دۆلار كەمبكاتەوە،
لەكاتێكدا ئێستا بەرمیلێك نەوتی خاوی عێراق لە بازاڕەكانی جیهاندا بە نزیكەی ٤٠
دۆلار دەفرۆشرێ.

پێشتریش
سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند پەرلەمان لە دانیشتنی سبەی
پێنجشەممە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2015ی عێراق دەخاتە دەنگدانەوە.
هەروەها بڕیارە لیژنەی دارایی پەرلەمان ئەمڕۆ دوا راپۆرتی خۆی لەبارەی پرۆژە یاسای
بودجەی 2015 بداتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، لەودەمەی چەند خاڵێكی پەیوەندیدار بە
هەرێمی كوردستان لە بودجە هێشتا یەكلایی نەكراونەتەوە.