ئەمڕۆ بڕیار لەسەر نرخی نوێی بەنزین دەدرێت

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان كۆببنەوە و وەك سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:” ئومێدمان وایە نرخی بەنزین ئەمڕۆ دیاریبكرێت و كەمترین نرخیشی بۆ دابنرێت”.



شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا  رایگەیاند،  ئەنجوومەنی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبنەوە بۆ بڕیاردان لەسەر نرخی بەنزین.



سەبارەت بەوەی پێشبینییان چییە بۆ نرخی دیاریكراوی بەنزین لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، شێركۆ جەودەت گوتی:” دیاریكردنی نرخی بەنزین لە دەسەڵاتی حكومەتە و ئێمە داوامانكردووە كە كەمترین نرخی بۆ دابنرێت، تەنانەت لەبەر بژێوی ژیانی هاووڵاتیان داوامانكردووە بە نرخی تێچووەكەی بفرۆشرێت، كە هیوادارم بڕیاری ئەوەی لەسەر بدرێت”.



نرخی بەنزین ئێستا 900 دینارە و پێشبینیدەكرێت بۆ نێوان 600 بۆ 700 دینار لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كەمبكرێتەوە، بە رەچاوكردنی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان.