بەمەبەستی پیرۆزبایكردن بەبۆنەی دەستبەكاربونی پارێزگاری نوێی سلێمانی و گەیاندنی داواكاری و پێداویستیەكانی بازرگانانی سلێمانی كۆبونەوەیەك لەگەڵ پارێزگاری نوێی سلێمانی بەڕێوەچوو.
سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی سەردانی دكتۆر ئاسۆ فەریدونیانكرد بەمەبەستی پیرۆزبایكردن بەبۆنەی دەستبەكاربونی وەك پارێزگاری نوێی سلێمانی.
لای خۆشیانەوە سەرۆك و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕاپۆرتێكیان لەسەر ڕەوشی بازرگانی و پیشەسازی لە سلێمانیدا ئاراستەی پارێزگاركردوو تیایدا سەرجەم ئەو گرفت و كێشانەیان خستە بەردەم پارێزگاری سلێمانی بۆ ئاگاداربون لەڕەوشی بازرگانی و ئەو گرفتانەی هەیانە تا بتواندرێت چارەسەری كێشەكانیان بۆ بكرێت.
لای خۆشیەوە پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەدا كە بەهەموو هەوڵ و توانایەكیانەوە كاربكەن بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی بازرگانی لە شاری سلێمانی و هاوكاری بازرگانان بكرێت تا بەشێوەیەكی بەهێز بازرگانان كارەكانیان بەرەو پێش بەرن.