مردنی پاشای سعودیه‌ كاریگەری لەسەر دۆخی ئابوری عێراق دەبێت

پاش كۆچی دوایی شه‌شه‌مین پاشای عه‌ره‌بستانی سعودیه‌, نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبوه‌وه‌.
 
به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت بۆ ئاستێكی مه‌ترسیدار, نه‌توانراوه‌ تا ئێستا بودجه‌ی گشتی ساڵی (2015)ی عێراق په‌سه‌ند بكرێت, بۆیه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت به‌به‌رزبونه‌وه‌ی نرخ نه‌وت بەهۆی مردنی پاشای سعودیەوە, ئابوری عێراق ‌و بودجه‌ی گشتی ئه‌مساڵیش, به‌ره‌و دۆخێكی باشتر بچێت.
به‌گوێره‌ی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ڕی (ڕۆیته‌رز), پاش كۆچی دوایی (عه‌بدوڵڵا بن عه‌بدولعه‌زیز) شه‌شه‌مین پاشای عه‌ره‌بستانی سعودیه‌, نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزبۆته‌وه‌.
به‌گوێره‌ی دوا ئاماری نرخی نه‌وت له‌مڕۆدا, یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌ (49) دۆلار‌و (80) سه‌نت فرۆشراوه‌, ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی مه‌ترسی دابه‌زینی نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت بۆ كه‌متر له‌ (35) دۆلار ده‌كرا.
شاره‌زایانی بواری نه‌وت مه‌ترسیه‌كانیان له‌وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن پاشای نوێی سعودیه‌وه‌ نه‌شاردوه‌ته‌وه‌, چونكه‌ به‌بڕوای ئه‌وان, پێده‌چێت پاشای نوێی ئه‌و وڵاته‌، گۆڕانكاری له‌سیستمی ئابوری‌و سیاسی ئه‌و وڵاته‌دا بكات.