130 ساڵ لەمەوبەر بۆیەكەم جار ئەم بازرگانە(چا)ی هێنایە سلێمانی

130 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، بۆ یه‌كه‌م جار چایی هێنرایه‌ شاری سلێمانی و له‌وێشه‌وه‌ به‌ كوردستاندا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ند.
ساڵی 1885 بازرگانێكی شاری سلێمانی به‌ ناوی (مه‌لا محه‌مه‌دی مه‌لا غه‌فوور) بۆ كاری بازرگانی ده‌چێته‌ وڵاتی ئێران، له‌وێ ته‌ماشا ده‌كات له‌ دووكانی قاوه‌خانه‌كان خه‌ڵكی شتێك ده‌خۆنه‌وه‌ كه‌ قاوه‌ نییه‌، به‌ڵكوو پێی ده‌ڵێن چایی.
مه‌لا محه‌مه‌دیش داوای چاییه‌ك ده‌كات، كه‌ ده‌یخواته‌وه‌ به‌لایه‌وه‌ خواردنه‌وه‌یه‌كی خۆش ده‌بێت، بۆیه‌ پاش ته‌واوبوونی كاروباری بازارگانییه‌كه‌ی، ده‌چێته‌ بازاڕ هه‌ندێك چایی و سه‌ماوه‌ر و قۆری و كتری و پیاڵه‌ و ژێرپیاڵه‌ و شه‌كر ده‌كڕێت و ده‌یهێنێته‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی.
ناوبراو له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ خواردنه‌وه‌ی چایی و خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كیش ده‌بیستن مه‌لا محه‌مه‌د شتێكی هێناوه‌ پێی ده‌ڵێن چایی و زۆر خۆشه‌، ئیتر به‌ مه‌به‌ستی چایی خواردنه‌وه‌ شه‌وانه‌ ده‌چن بۆ ماڵی مه‌لا محه‌مه‌د و هه‌موو فێری چایی خواردنه‌وه‌ ده‌بن.
مه‌لا محه‌مه‌دی مه‌لا غه‌فووریش له‌وكاته‌وه‌ به‌دوا، به‌ مه‌لا محه‌مه‌دی چایی ده‌ناسرێت و پاش خۆیشی مه‌لا ئه‌حمه‌دی كوڕی هه‌ر به‌ مه‌لا ئه‌حمه‌دی چایی ده‌ناسرێت.
ماڵی مه‌لا محه‌مه‌دی چایی له‌ گه‌ڕه‌كی ده‌رگه‌زێن له‌ خوار ماڵی عیزه‌ت به‌گی وه‌سمان پاشا بوو، حه‌وشه‌یه‌كی فراوانی هه‌بوو، باخێكی خۆش و گه‌وره‌ی تێدابوو. پاش كۆچی دوایی مه‌لا محه‌مه‌د، له‌ ساڵانی گرانییه‌كه‌ مه‌لا ئه‌حمه‌دی كوڕی خانووه‌كه‌ی فرۆشت به‌ حاجی ئه‌حمه‌دی پیرۆز.
پێشتر له‌ سلێمانی و شاره‌كانی كوردستان قاوه‌ و قاوه‌خانه‌ هه‌بوو، به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ چایی بوونی نه‌بوو. بۆیه‌ تا ئه‌م ساڵانه‌ی دواییش به‌ چایخانه‌یان ده‌وت قاوه‌خانه‌ و تا ئێستاش ئه‌و وشه‌یه‌ هه‌ر بوونی ماوه‌.
تێبینی: سوودم له‌ كتێبی (شاری سلێمانی)، به‌رگی یه‌كه‌م. نووسین و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌كره‌می مه‌حموودی ساڵی ڕه‌شه‌. وه‌رگرتووه‌.
ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ له‌ په‌یجی‌ (صلاح سالار) له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ فه‌یسبووك وه‌رگیراوه‌