مالیكی، به‌ هه‌مان ژماره‌ بڕیارێكی هاوشێوه‌ی سه‌دام حسێن ده‌رده‌كات

به‌پێی چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك‌، بڕیاری پێكهێنانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌، كه‌ له‌لایه‌ن نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌، وه‌ك هه‌مان بڕیاری سه‌دام حسێن، سه‌رۆك كۆماری پێشووی عیراقه‌، كه‌ بۆ عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید-ی ده‌ركرد. هه‌ردوو بڕیاره‌كه‌ش به‌ یه‌ك ژماره‌ ده‌رچوون‌و یه‌ك مه‌به‌ستیان هه‌یه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورد و چاره‌نوسیییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌م به‌شه‌ی‌ كوردستان.
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كان،‌ سه‌دام حسێن، له‌ رۆژی‌ 29/3/1987 بڕیارێك ده‌رده‌كات‌ كه‌ بڕیارێكی‌ (مجلس قیاده‌ سه‌وره‌یه‌)و ژماره‌ (160)ی‌ پێدراوه‌‌، تایبه‌ته‌ به‌ دیاریكردنی‌ (عه‌لی‌ حه‌سه‌ن مه‌جید) بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ ناوچه‌كانی‌ كه‌ركوك‌و‌ هه‌موو داموده‌زگاكانی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ناوخۆ و به‌رگری‌ و داموده‌زگا ئه‌منی‌‌و هه‌واڵگرییه‌كان خراونه‌ته ‌ژێرركێفی‌ (عه‌لی‌ حه‌سه‌ن مه‌جید).
به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی سه‌دام، باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ی‌ عه‌لی‌ كیمیایی‌ كه‌ركوك ده‌بێت‌و مه‌به‌ست له‌ پێكهێنانی، پاراستنی ئه‌منیه‌تی ئه‌ ناوچانه‌ ده‌بێت.
بڕیاره‌كه‌ی‌ مالیكیش كه‌ به‌ هه‌مانشێوه‌ ژماره‌ (160)ی پێدراوه‌ له‌ 29ی‌ مانگدایه‌، 29/5/2012. كه‌سێك دیاریده‌كات بۆ سه‌ركردایه‌تی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی‌ دیجله‌. ده‌ینێرێته‌ ناوچه‌كانی‌ كه‌ركوك و هه‌موو داموده‌زگاكانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ‌و به‌رگری‌ ده‌خاته‌ژێر ده‌سه‌ڵاتییه‌وه‌ و ئامانج لێی‌ پاراستنی‌ ئارامی‌ و سه‌قامگیریی‌ ئاسایشی‌ ناوچه‌كه‌یه‌.
ته‌نها جیاوازی‌ له‌ نێوان ئه‌م بڕیاره‌ی‌ مالیكی‌ و سه‌دامدا له‌ زه‌مه‌نی‌ ده‌رچوونی‌ بڕیاره‌كه‌و ناوی‌ فه‌رمانده‌كاندایه،‌ كه‌ 25 ساڵ‌ له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌. له‌ ناوه‌ڕۆك و له‌ ئامانج و ته‌نانه‌ت له‌ ژماره‌ی‌ بڕیاره‌كه‌شدا له‌یه‌ك ده‌چن. 
جێی ئاماژه‌ بۆكردنه‌ ئه‌م به‌ڵگه‌نامانه‌ له‌ وتارێكی نووسه‌رو رۆژنامه‌نووس عارف قوربانیدا خراونه‌ته‌ڕوو.