سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:” بەدواداچوونمان كردووە دەیان كێڵگەی بەخێوكردنی مریشك لە كوردستاندا هەن كە تەنها لەو بڕە گازەی لە حكومەت وەری دەگرن زیاتر قازانج دەكەن وەك لەوەی كێڵگەكە بەڕێوەبەرن، بەهەمان شێوە پێدانی بڕە گاز لەلایەن حكومەت بەكارگەكان وای كردووە كارگەكان كارنەكەن و تەنها بەفرۆشتنی ئەو گازەی وەری دەگرن قازانجێكی زۆر دەكەن.
د.عزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری پەرلەمانی كوردستان بەنەوای راگەیاند :” بەدواداچوونمان كردووە دەیان كێڵگەی بەخێوكردنی مریشك لە كوردستاندا هەن كە تەنها لەو بڕە گازەی لە حكومەت وەری دەگرن زیاتر قازانج دەكەن وەك لەوەی كێڵگەكە بەڕێوەبەرن، دەیان كارگە لەگەڵ ئەوەی داخراون گازەكە وەردەگرن و دەی فرۆشنەوە، قازانجی فرۆشتنەوەی گازەكە لەوە زیاترە كارگەكە بەڕێوە بەرن، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بەم بابەتەدا بكرێت.
سەرۆكی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابوری پەرلەمانی كوردستان وتیشی:” ئۆتیلێكی كەرتی تایبەت بۆچی حكومەت گازی بداتێ؟ حكومەت لیترێك گاز لەوڵاتی ئێران بە 1200 دینار دەكڕێت و دەیدات بە ئۆتێلەكان بە 400 دینار بەمشێوەیەش حكومەت لە گیرفانی خۆی 800 دینار دەدات بۆ لیترێك گاز بە ئۆتێلێك، بۆ چێشتخانەو كارگەكانیش بەهەمان شێوەیە، بۆیە وای لێهاتووە ئەم گاز پێدانە دەیان كارگەی لەكارخستووە.
عزەت سابیر روونیشیكردەوە:”ئەگەر ئەم بابەتە پێداچوونەوەی پێدابكرێت دڵنیام كاریگەری زۆرباشی دەبێت و خەرجی حكومەت كەم دەكاتەوەو كارگە داخراوەكانیش دەكەونەوە كار”.