هەوڵەكانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەردەوامی هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی هێمای بازرگانی لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا.
سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە لێدوانێكدا بۆ سایتی ژووری بازرگانی وتی” پێشتر هێمای بازرگانی لەژووری بازرگانی و پیشەسازی تۆمار دەكرا دوای ئەوە گەڕایەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هێمای بازرگانی زیاتر لە 2000 هەزار هێمای بازرگانی تۆمار كراوە بەڵام كێشەو گرفتێكی زۆرمان هەبوو لەگەڵ حكومەتی ناوەند كە حكومەتی ناوەند ئەو هێمایانەی كرابوو لە هەولێر باوەڕی پێنەدەكرد”
ئاماژەی بەوەشدا ئەم كێشەیە چەند ساڵێكی خایاند و زەرەرمەندی یەكەم بازرگانانی هەرێم بوون كە دەبوو ئەو هێمایانە دووبارە لە بەغداد تۆمار بكەنەوە كێشەی زۆر كەوتبوە دادگاكانی ناوەندە و بڕیارەكانی دادگاش بەقازانجی بازرگانانی هەرێم نەدەشكایەوە.
سەرۆكی ژووری بازرگانی ئاماژە بەوەدەكات” ئێمە هەوڵو كۆششێكی زۆرماندا وەك ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەڵ جێگری وەزارەتی پیشەسازی عێراق گفتوگۆمان دەستپێكرد بۆچارەسەركردنی ئەم كێشەیە و داوامان لەوەزیری بازرگانی هەرێمكرد ، بەنوسراوێكی فەرمی داوابكات وەفدێك لە حكومەتی عێراقیەوە بێت بۆیە وەك ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كارەكانمان چڕكردەوە و خۆشبەختانە ڕۆژی یەكشەممە 18/1/2015 وەفدێكی باڵا لە بەغداوە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد بە نوێنەرایەتی جێگری وەزیری پیشەسازی كۆبوینەوە و هەموان گەشتینە ئەوەی كە كێشەكان چارەسەربكرێت”.
سیروان محەمەد هیوایخواست كە ئەم كێشانە دووبارە نەبنەوە و بازرگانان لەوە زیاتر توشی زیان نەبن.
هێمای بازرگانی(علامە التجاریە) ئەو هێمایەیەكە بەكاردەهێندرێت لەلایەن تاكەكەس یان ڕێكخراو یاخود هەردامەزراوەیەكی یاسای كە ئاماژەدەكات بە ناساندنی بەرهەمەكانی یان خزمەتگوزاری بۆ بەكاربەر بەبێ دووبارە بونەوە.