لەكۆنفرانسێكی بازرگانی وڵاتی ئێراندا، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماغ رەخنەی لە لایەنی ئێرانی گرت، كە لەروی مامەڵەی گومرگییەوە ئاستەنگ بۆ بازرگانانی هەرێم دروستدەكەن.
سۆران مەحمود نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماغ لە كۆنفرانسی بازرگانی تایبەتی عێراق-ئێران لە تارانی پایتەختی ئەووڵاتە ، لە وتارێكدا رەخنەی لە گومرگی لایەنی ئێرانی گرت كە لەكاتی ئەنجامدانی رێكارە گومرگییەكاندا ،زۆرترین ئاستەنگ لەبەردەم بازرگانانی هەرێمدا دروست دەكەن ،لەكاتێكدا بە وتەی سۆران مەحمود لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گومرگی باشماغەوە زۆرترین كارئاسانی بۆ بازرگانانی ئێران دەكرێن كە هاوردە و هەناردەی كاڵاكانیان لە خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە دەكەن .
ئاماژەی بەوەشدا لەكاتی سەردانیكردنی هاوڵاتی ئاسایشدا ئەوانەی بۆ نەخۆشی یان گەشتوگوزار یان سەردان لەنێوان هەرێم و ئێراندا هاتوچۆ دەكەن لەدیوی هەرێم كارئاسانیان بۆ دەكرێت و مۆڵەتی 15 رۆژ مانەوەیان پێدەدرێت، بەڵام لەدیوی ئێرانەوە دەبێت هاوڵاتیانی هەرێم ڤیزا وەربگرن تاوەكو رێگەیان پێبدرێت بڕۆنە ناو خاكی ئێرانەوە.
داوای لە ژورە بازرگانییەكانی ئێرانيش كرد،هەوڵبدەن بۆ لابردنی ڤیزا و كەمكردنەوەی ئەو باج و رسوماتانەی لەئۆتۆمبێلیی تایبەتی هاوڵاتیان وەردەگیرێت لە كاتی چونە ناوەوەی بۆ ناو خاكی ئێران.
داواشی لەلایەنی ئێرانی كرد لەم بارودۆخەی ئێستادا كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كاری بازرگانیش توشی مەترسی هاتووە،زیاتر هاوكاری بازرگانان بكەن تاوەكو كەرتی بازرگانی لەوە زیاتر لاواز نەبێت.
رۆژی 18-1-2015 لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران كۆنفرانسی بازرگانی تایبەتی عێراق-ئێران دەستی بەكارەكانی كرد و بڕیاریشە ماوەی دوو رۆژ بەردەوامبێت .