لەناوەڕاستی مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٤، نرخی نەوت پەرەسەندنێكی مەترسیداری بەخۆیەوە بینی، بەجۆرێك نرخی نەوتی خاوی برنت هەموو پێشبینییەكانی تێپەڕاندو بۆ خوار ٦٠ دۆلار دابەزی، ئەمەش یەكەم جارە نرخی نەوت لەئایاری ٢0٠٩وە بەم شێوەیە بێتەخوار، پێشبینییەكانی ئێستا باس لەدابەزینی بۆ خوار ٤٠ دۆلار دەكات، زیاد لەوانەش هەندێك چاودێری تر پێشبینی دەكەن نرخی نەوت بەردەوام لەداشكاندا بێتو بۆ ٣٠ یان ٢٠ دۆلاریش دابەزێت، ئەمەش دوای ئەوەیە، كە زۆرێك لەو بڕوایەدایە كە ئۆپیك لەدەرەوە گەمەكەیەو بازاڕ لەسایەی سەوداكاراندایە، كە ئەوانە دەتوانن لانی كەم لەڕووی تیۆرییەوە، بازاڕی نەوت بەرەو خوار ٢٠ دۆلاریش بەرن. پرسیارەكە لێرەدا ئەمەیە، ئایا نرخی نەوت دەگاتە خوار ٢٠ دۆلار وەك پێشبینی دەكرێت؟.
زێدەی خستنەڕووی نەوت
بەر لەوەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی سەرەوە، پێویستە ئاماژە بۆ ئەو گریمانانە بكەین كە بەئاراستەی خواستو خستنەڕووی نەوتەوە هەیە. ئەوەی ئەمڕۆ روونە خستنەڕووی نەوت لەخواست لەسەر نەوت زیاترە، بەكۆمەلێك هۆكار، هەندێكیان ئابووریو هەندێكی تریشی غەیرە ئابووری، لەوتارەكەی پێشوومان ئاماژەمان بۆكرد، بەڵام بەردەوامی زێدەی خستنەڕوو بەبەراورد بەخواستو رێگەدان بەداڕمانی نرخی نەوت بەو تێكڕایەو بەبێ دەستوەردان، ناكرێ هۆكارەكەی تەنیا ئابوزری بێت، ئەوەش رۆڵی هۆكاری جیۆسیاسی هەڵدەكشێنێتو هەردوو گەورە بەرهەمهێنی نەوت جیهان روسیاو ئۆپیك ئامادەنین ئاستی بەرهەمهێنانیان كەم بكەنەوە، تا هاوسەنگی بۆ بازاڕ بگەڕێننەوە.
ئەوەی گومانی تێدانییە، هەلومەرجی خستنەڕوو و خواست لەبازاڕی كاڵایەكی وەك نەوت، لەشەو رۆژێكدا گۆڕانی بەسەردا نایەت، ناشكرێ بەو گریمانەیەش رازی بین كەدەڵی زێدەی خستنەڕووی نەوت بۆ زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان دەگەڕێتەوە، بەتایبەتیش بۆ نەوتی بەردین، كە بەبەرپرسی داشكانی نرخی نەوت دادەنرێت، ئەویش لەبەرئەوەی كە هۆكارە سەرەكییە كاریگەرەكانی سەر بازاڕ، كە لەبەرژەوەندیی نرخی بەرزی نەوت كار دەكات هێشتا ماوە، بەڵام چەند هۆكارێك هەیە، كە كاریگەرییەكانی پاراستنی بەرزی نرخی نەوت پەكدەخات.
نەوتی بەردین لەهاوكێشەكەدا
كاتێك هەندێك بەرەو دواوە دەگەڕێینەوە، دەبینین كە پاشەكشێی بەرهەمهێنانی هەریەك لەلیبیاو عیراق بواری بۆ ئەمریكاو عەرەبستانی سعودیەو هەندێك دەوڵەتی بەرهەمهێنی نەوت رەخساند، تائاستی بەرهەمهێنانیان بەرزبكەنەوە. زیادەی بەرهەمهێنانی سعودیە وەك لەسەرەتاوە رایگەیاند، بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی خستنەڕووی بەرهەمی نەوت بوو كە دەرئەنجامی كەمبوونی ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو دەوڵەتانە بوو كە رەوشی سیاسییان ناجێگیر بوو، بۆ پاراستنی هاوسەنگی بازاڕو رێگریكردن لەهەڵكشانی نرخی نەوت تاكاریگەریی لەسەر ئابووریی جیهان نەبێت. دواتریش سعودیە ئاستی بەرهەمهێنانی دابەزێنێت كاتێك لیبیا دەگەڕێتەوە ئاستی سروشتی بەرهەمهێنانو هەناردەكردن، هەروەها ئەمریكاش توانی لەمیانی تەكنیكی نویی هەڵكەندنو گەڕان، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو ناوچانەی نەوتی لێ بەرهەمدەهێنرێتو ئەو ناوچانەی كە ترس لەقورسی بەرهەمهێنانیدا هەبوو، بەو ناوچانە كەوتوونەتە قوڵایی دەریاكانەوە، توانی ئاستی بەرهەمهێنانی بەرزبكاتەوە. ئێستاش لەسایەی زێدەی خستنەڕوو، هەمووان بەئامانجی پاراستنی ئەو دەستكەوتانەی لەبازاڕ بەدەستیان هێناوە دژی داشكانی بەرهەمهێنانی نەوتن.
لەبەر ئەو هۆكارانە، ئەو زێدەی خستنەڕووەی لەبازاڕدا هەیە، زێدەیەكی دروستكراوە، پشت ئەستور نییە بەهۆكاری ئابووری، نەوتی بەردین دەمیكە بوونی هەیەو هی ئێستا نییە، ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە نەوتە بەو ئاستە بەرز نەبۆتەوە تابكرێتە بەهانەی داشكانی نرخی نەوت، لەكاتێكدا داشكانی نرخی نەوت جێ دەستی مامەڵەی سەوداكارانو پێشبینیەكانی بازاڕی پێوە دیارە، لەڕووبەڕووبوونەوەی رەفتاری بەرهەمهێنەرە گەورەكانی بازاڕی نەوتدایە، وەك دەردەكەوێت بایەخدان بەپرسی نرخی نەوت كەوتۆتە دوای دواوە. لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوت بەڕوونی كاریگەریی گەورەی لەسەر روسیا داناوەو بەهای رۆبڵی لەبەرامبەر بەدۆلار زۆر هێناوەتە خوارەوە، لەهەنگاوێكی مەترسیداردا بانكی ناوەندیی روسیا نرخی سودی سەر رۆبڵی لە (10.5%) بۆ (17%) بەرزكردەوە دوای ئەوەی بەهای رۆبڵ بەشێوەیەكی سەرنج راكێش پاشەكشێی كرد، كە تاڕادەیەك هەندێك رەوشی رۆبڵی باشكرد، بەڵام ئەگەر گوشارەكانی سەر روسیا بەردەوامی هەبێت، ئەوا دراوەكەی روو لەداشكان دەكاتو بەدوایدا رێژەی هەڵئاوسان بەرزدەبێتەوەو ئاستی گەشی ئابووریشی دێتەخوار. بەپێچەوانەی روسیاوە، دابەزینی نرخی نەوت كاریگەریی بنەڕەتی لەسەر دەوڵەتە گەورە بەرهەمهێنەرەكانی رێكخراوی ئۆپیك نەكردوە، چونكە ئەو دەوڵەتانە بڕێكی باشی یەدەكیان هەیەو دەتوانن بۆ چەند ساڵێك بەرگەی دابەزینی نرخی نەوت بگرن.
ستراتیجییەی ئۆپیك هەڵە بوو
پێشبینی ناكرێت، بەرهەمهێنەرە گەورەكانی نەوت لەسەر ئەم رەفتارەی ئێستایان بەردەوام بن، رەنگە ئێستا هەندێك هۆكار هەبن رێگری لەهاوكاری نێوان بەرهەمهێنەرە گەورەكانی رێكخراوی ئۆپیكو دەرەوەی وەك روسیا هەبێت، بەڵام گوشارەكانی نرخ، بەهۆی گوشاریی داراییانەوە هەموویان ناچار بكات ملكەچی هاوكاریكردنی یەكتری بن. كاتێك نرخ بۆ ئاستی نزمترو بۆ ماوەیەكی درێژ پاشەكشی دەكات، ئەوا هەمووان ئاستی بەرهەمهێنانیان كەم دەكەنەوە، بە بەرهەمهێنەرانی نەوتی بەردینیشەوە، كە ئێستا هەندێكیان بەرهەمهێنانیان راگرتووەو بەو هیوایەن لەكاتێكی گونجاوتردا كە نرخ بەرزدەبێتەوە یان تەكنەلۆجیای پێشكەوتووتریان دەست دەكەوێت، تێچوونی بەرهەمهێنان نزم دەبێتەوە، ئەوكات دەست بە بەرهەمهێنان بكەنەوە. پێشبینی دەكرێت رەفتارێكی ئەوها دابەزینی زێدەی خستنەڕووی نەوتی لێبكەوێتەوەو ئاراستەی نرخ بەرەو بەرزبوون پێچەوانە بێتەوە.
ئەو ستراتیجییەی ئۆپیك لەپاراستنی بەركەوتی رێكخراوەكە لەبازاڕی نێودەوڵەتیی نەوتو جێهێشتنی نرخەكان تا بەو جۆرە دابەزێت، ستراتیجییەتێكی هەڵەبوو، دەستبەردابوونی ئۆپیك لەبەشێكی بەركەوتەكەی لەبازاڕ لەبەرامبەر بەنرخێكی بەرزتر، كارێكی باش دەبوو، چونكە فرۆشتنی بڕێكی كەمتر بەنرخێكی بەرز لەلایەك داهاتی بەرزی بەدەستهاتوو دەپارێزنو لەلایەكی تریشەوە، سامانی نەوت دەپارێزێت، لەبری ئەوەی بازاڕ نغرۆ بكەیت لەنەوت لەبەرامبەر نرخێكی هەرزان، لەبەرئەوە باشتر وابوو سامانی نەوتی ژێر زەوییان بپاراستبایە، بۆ ئەوەی لەئایندە بەنرخێكی گرانتر بفرۆشرابایە، بەتایبەتی كە دەوڵەتانی بەرهەمهێنەری نەوت ئێستا پێویستییان بە بەدەستهێنانی زێدەداهات نییە لەفرۆشتنی نەوتدا، زێدەداهاتی نەوت زیادبوونی خەرجی رەوان بەدوای خۆیدا دەهێنێتو لەمەودای دووردا رەوشی دارایی گشتی ئاڵۆزتر دەكات.
پێشبینیكردنی زۆر قورسە
ئەوەی گریمانەی دابەزینی ئاستی خستنەڕووی نەوت لەئایندە بەهێزتر دەكات، زیادبوونی ئەو راپۆرتانەیە كە باس لەدابەزینی ئاستی وەبەرهێنان لەبواری دەرهێنانی نەوت، چ نەوتی ئاسایی یان نەوتی بەردین بێت، هەروەها ئێستا پلانەكانی فراوانكردنی ئاستی بەرهەمهێنان دوادەخرێت، ئەوەش دابەزینی تێكڕای گەشەی خستنەڕووی نوێی نەوت لێدەكەوێتەوە. لەلایەكی ترەوە، پێشبینی دەكرێت، دابەزنی نرخی نەوت كاریگەریی لەسەر تواناكانی خستنەڕووی نەوتی غەیرە تەقلیدی هەبێت، بەتایبەتی ئەو بیرە نەوتییانەی كە تێچوونی بەرهەمهێنانی تێدا بەزرە، هەندێك راپۆرت ئاماژە بۆ وەستانی هەندێك بەرهەمهێنی نەوت بەردین دەكەن لەبەرهەم یان لەم ئاستەی نرخی نەوتدا، چونكە هیچ قازانجێك ناكات، هەروەها چاوەڕوان بەرزبوونی نرخی نەوت دەكات تا جارێكی تر دەستپێ بكاتەوە. ئەو هۆكارانە پێكەوە دابەزینی خستنەڕووی نەوتی لەئایندە لێدەكەوێتەوە.
لەلای خواستیشەوە، پێشبینی دەكرێت ئەم دابەزینی نرخی نەوتە هاوكاری بەرزبوونی نرخی نەوت بكات، چونكە پێشبینی ئەوە دەكرێت كە پاشەكشێی نرخی نەوت ئاستی ئەدای ئابووریی دەوڵەتانی هاوردەی نەوت باش بكات، بەدوایدا خواست هەڵدەكشێتو یەك لەو هۆكارە سەرەكییەكانی پاشەكشێی نرخی نەوت نامێنێت، بەجۆرێك كە ئەو باشبوونی ئەدای ئابوورییە زێدەی خستنەڕووی نەوت هەڵدەمژێتو زەمینەسازی بۆ هەڵكشانی نرخی نەوت دەكات.
ئێستاش پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا نرخی نەوت زیاتر لەوە بۆ خوار ٣٠ دۆلار دادەبەزێت؟ ئەم پێشبینییە كارەسات بەدوای خۆیدا دێنێت، چ لەڕووی كردەوەو چ لەڕووی لۆجیكییەوە، تێچوونی بەرهەمهێنانی زۆربەی دەوڵەتە نەوتییەكان بەشێوەیەكی خێرا لەگەڵ بەرزبوونی كرێو تێچوونی گوزەران روو لەهەڵكشانە، تەنانەت لەو دەوڵەتانەی كە ئاستی یەدەكی نەوتییان بەرزەو بەئاسانی دەتوانن نەوت بەرهەم بهێنن. بەڵام لەناوچەكانی تر، كە هەلومەرجی بەرهەمهێنان تێیاندا قورسە، ئەوەش چێرۆكێكی ترە، بەگریمانەكانی خستنەڕوو و خواست پێشبینی هەڵكشانی نرخی نەوت دەكرێت، بەڵام ئەو ئاستەی كە نرخ وەریدەگرێت تا جارێكی تر بەرزبێتەوە، ئێستا پێشبینیكردنی زۆر قورسە.
فهیسهڵ عهلی – سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان
له كوردستانی نوێ وهرگیراوه