لەودەمەی پەرلەمانی عێراق داوای كەمكردنەوەی خەرجییەكانی نێو پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2015 لە حكومەتی عێراق دەکات، نرخی فرۆشتنی نەوت بەردەوام لە دابەزیندایە، بەڕادەیەك، بەرمیلێك نەوتی برێنت، كە باشترین جۆری نەوتی جیهانە ئێستا لە بازاڕەكاندا بە نزیكەی 51 دۆلار دەفرۆشرێت، لەوكاتەی بەرمیلێك نەوتی خاوی عێراق بە 7 دۆلار كەمتر لە نەوتی برێنت دەفرۆشرێت.
جەبار عەبدولخالیق، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەمبارەوە رایگەیاندووە، “بەهۆی دابەزینی نرخی فرۆشتنی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان، پێشبینی دەكرێت بودجەی فیدراڵی 2015ـی عێراق نزیكەی 43 ترلیۆن دینار كورتبێنێ”. ئەمەش بەهۆی خەمڵاندنی نرخی فرۆشتنی بەرمیلێك نەوتی عێراقە لە بودجەی 2015 بە 60 دۆلار، لە كاتێكدا ئێستا بەرمیلێك نەوتی عێراق بە نزیكەی 44 دۆلار لە بازاڕەكاندا دەفرۆشرێت.
هاوكات حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند، “دابەزینی نرخی نەوت ناچارمان دەكات خەرجییەكانی بودجەی 2015 كەمتر بكەینەوە”، عەبادی هەروەها داوای لە پەرلەمانی عێراق كرد پرۆژە یاسای بودجەی 2015 بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نەگەرێننەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2015، درێژە بە تاوتوێكردنی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2015ـی عێراق بدات، كە تێكرای قەبارەی بە نزیكەی 125ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و پێشبینی دەكرێت نزیكەی 25 تریلۆن دینار كورتبێنێ.
رووداو
ز.ر