لەسەر رێگای حەمرین – خورماتوو سوپای عیراق سوكایەتی بەكورد دەكات و لەهەردوو قۆڵی حەمرین و تكریتیشەوە دەست بە جووڵەی ئیستفزازی دەكات.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە هێزێكی سوپای عیراق لەناوچەی ئینجانەی نزیك حەمرین بازگەیەكیان داناوەو سوكایەتییان بەچەند هاوڵاتییەكی كورد كردووە كە لەبەغداوە گەڕاونەتەوە.
حەسەن بارام جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەكێتی بە (نها24) راگەیاندوە: “ژمارەیەك هاوڵاتی كورد بەدەموچاوو جەستەی خوێناوییەوە بۆ سكاڵاكردن سەردانی بازنەی حەمرینی یەكێتییان كرد لەخورماتوو”.
وتیشی ئەو هاوڵاتییە كوردانە لەناوچەی ئینجانە لەو بازگەیە دوای سوكایەتیكردن لەلایەن سەربازەكانی ئەو سوپایەوە لێیان دراوەو خوێناوی كراون تەنها لەبەرئەوەی كوردن.
بارام رونیكردەوە ئەو هاوڵاتیانە رەوانەی لای قایمقامی خورماتوو كراون تا لەوێ بەرەسمی سكاڵا لەسوپا تۆماربكەن.
ناوچەی ئینجانە لەنزیك زنجیرەچیاكانی حەمرینەو كەوتووەتە سەر رێگای بەغدا – خورماتوو. تادوێنێ ئەو بازگەیە لەدەستی فەوجێكی لیوای شانزەی سلێمانیدا بوو كە زۆربەیان كوردن، بەڵام ئەمڕۆ هێزێكی سوپا بەچەند دەبابەیەكەوە بازگەكەی كۆنترۆڵ كردووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا لەقۆڵی تكریتیشەوە سوپای عیراق بەرەو پردی زەرگە جووڵەی دەستپێكردووە كە 20 كیلۆمەتر لە خورماتووەوە دوورە.
جێگرەكەی مەڵبەندی گەرمیان وتیشی تائێستا هێزی پێشمەرگەو سەركردایەتی هیچ هەڵوێست و كاردانەوەیەكی نیە لەبەرامبەر ئەو رەفتارە ئیستفزازییانەی كە لەدوێنێوە بەزەقی دەستیپێكردووە. وتیشی: “تادێت نیازی خراپی سوپا روونتر دەردەكەوێت”.