دادگای فیدڕاڵی هیوستن له ویلایه‌تی ته‌كساس له ئه‌مریكا داوایه‌كی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی داوای ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی كه‌شتی نه‌وتی یونایتد كالاڤرڤتا له‌كاتی چوونه ناو سنووره ئاوییه‌كانی ئه‌مریكاوه ڕه‌تكرده‌وه، كه پێشتر ئه‌م داوایه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقییه‌وه به‌رزكرابووه‌وه.
روواندا موور به‌ڕێوه‌به‌ری دۆسیه‌ی كه‌شتی نه‌وتی یونایتد كالاڤرڤتای نێوان هه‌رێم و عیراق له دادگای فیدڕاڵی هیوستن له ویلایه‌تی ته‌كساس به خه‌ندانی ڕاگه‌یاندووە: “گرای میله‌ر داده‌وه‌ری فیدڕاڵی هیوستن داواكه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی كه‌شتیی نه‌وتی یونایتد كالاڤرڤتا له كاتی چوونه ناو سنووره ئاوییه‌كانی ئه‌مریكاوه ڕه‌تكردووه‌ته‌وه”.
ڕاشیگه‌یاند كه “دادوه‌ری فیدڕاڵی هیوستن داوای له پارێزه‌ره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عیراق كردووه تاوه‌كو به‌رواری 19-ی كانوونی دووه‌می 2015 نوێترین هه‌ڵوێستی خۆیان له‌سه‌ر ململانێكه‌یان پێشكه‌شی دادگای فیدڕاڵی بكه‌ن”.
له لایه‌كی تره‌وه سایتی فیول فیكسی ئه‌مریكی بڵاویكردووه‌ته‌وه كه دادگای هیوستن داواكه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی یونایتد كالاڤرڤتای به‌پێی یاساكانی ویلایه‌ته‌كان ڕه‌تكردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌ژێر ڕۆشنایی یاسا ده‌ریاوانییه‌كانی ئه‌مریكادا داوایه‌كی پهسهنكردووه كه ڕێگه له عیراق بگیرێت ده‌ستبه‌سه‌ر كه‌شتییه‌كه‌دا بگیرێت.
فیول فیكس ئاماژه‌شی به‌وه‌كردووه له‌كاتی چوونه ناوه‌وه‌ی كه‌شتییه‌كه بۆ سنووره ئاوییه‌كانی ئه‌مریكا به‌پێی دوایه‌مین بڕیاری دادوه‌ری فیدڕاڵی هیوستن، عیراق ده‌توانێت داوای یاسایی له‌سه‌ر كه‌شتییه نه‌وتییه‌كه‌ی هه‌رێم تۆماربكات.
كه‌شتی نه‌وتی یونایتد كالاڤرڤتا كه زیاتر له یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵگرتووه له 28-ته‌مووزی 2014-ه‌وه له دووری 60 میل-ه‌وه له به‌نده‌ری گالڤستن له كه‌نداوی مه‌كسیك له‌نگه‌ری گرتووه.
بۆ ماوه‌ی زیاتر له پێنج مانگه ململانێی خاوه‌ندارێتی نه‌وتی كه‌شتییه‌كه له نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕاڵی عیراق له دادگای هیوستن له باشووری ته‌كساس به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
ئه‌و كاته‌ی یونایتد كالاڤرڤتا گه‌یشته كه‌ناراوه‌كانی ئه‌مریكا به‌هاكه‌ی به نزیكه‌ی 100 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی ده‌خه‌مڵێندرا، به‌ڵام ئێستا به‌هۆی داڕمانی نرخی نه‌وته‌وه به‌هاكه‌ی بۆ نیوه دابه‌زیوه.
خه‌ندان په‌یوه‌ندی كرد به هال واتسن پارێزه‌ری هه‌رێمی كوردستان له دادگای فیدڕاڵی هیوستن، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌بوو، هه‌روه‌ها فیلیپ دای پارێزه‌ری حكومه‌تی عیراقیش به‌هه‌مان شێوه وه‌ڵامی نه‌بوو.