ئێران به‌بێ ئاگاداری‌ هه‌رێم مه‌رزێك ده‌كاته‌وه‌

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌هه‌ندێك له‌كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندنه‌وه‌، كردنه‌وه‌ی‌ مه‌رزی‌ (مڵه‌خورد)ی‌ سه‌ربه‌ناحیه‌ی‌ خورماڵ، له‌نێوان ئێران‌و هه‌رێمی‌ كوردستاندا ڕاگه‌یه‌ندرا، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌كه‌، بێ ئاگایی‌ خۆی‌ له‌كردنه‌وه‌ی‌ مه‌رزه‌كه‌ ڕاگه‌یاندو به‌كارێكی‌ تاكلایه‌نانه‌ی‌ وه‌سفكرد.
(سمكۆ سالار) به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ خورماڵ به‌NNAڕاگه‌یاند، به‌هیچ جۆرێك دورونزیك ئاگاداری‌ كردنه‌وه‌ی‌ مه‌رزی‌ (مڵه‌ خورد)نین، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان هه‌رێمی‌ كودستان‌و وڵاتی‌ ئێرانه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجامدراوه‌، ئێران تاكلایه‌نانه‌ هه‌ستاوه‌ به‌كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و مه‌رزه‌، له‌ڕوی‌ ئیداریه‌وه‌ هیچ كارێكی‌ فه‌رمیی‌ بۆ نه‌كراوه‌.
 ڕونیشیكرده‌وه‌، مه‌رزی‌ (مڵه‌خورد) له‌ڕوی‌ ئیداریه‌وه‌ سه‌ربه‌ناحیه‌ی‌ خورماڵه‌و مه‌رزێكی‌ فه‌رمیی‌‌و نیمچه‌ فه‌رمیش نییه‌، به‌ڵكو ناوبه‌ناو هه‌ندێك كاری‌ بازرگانی‌‌و ئاڵوگۆڕی‌ سوته‌مه‌نی‌ تێدا ئه‌نجامده‌درێت، پاسه‌وانی‌ سنوریش چاودێری‌ مه‌رزه‌كه‌ ده‌كات.
به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ناحیه‌ی‌ خورماڵ جه‌ختی‌ له‌وه‌شكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئاسایش‌و به‌رپرسانی‌ پاسه‌وانی‌ سنوری‌ ناوچه‌كه‌دا، گفتوگۆیان له‌باره‌ی‌ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و مه‌رزه‌ كردوه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش بێ ئاگایی‌ خۆیان له‌كردنه‌وه‌ی‌ مه‌رزه‌كه‌ ده‌ربڕیوه‌و به‌كارێكی‌ تاكلایه‌نانه‌یان وه‌سفكردوه‌.
ئه‌مڕۆش له‌یه‌كێك له‌كه‌ناڵه‌كانی‌ ڕاگه‌یاندنه‌وه‌، هه‌واڵی‌ كردنه‌وه‌ی‌ مه‌رزی‌ مڵه‌خورد بڵاوكرایه‌وه‌، هۆكاری‌ ئاماده‌نه‌بونی‌ به‌رپرسانی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌شیان گه‌ڕانده‌وه‌، بۆسه‌رقاڵبونیان به‌ئاڵوگۆڕكردنی‌ پۆسته‌كانی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌‌و سلێمانی‌.