پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بودجەی ٢٠١٥ تاوتوێ دەكات

بڕیارە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا راپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمان لەبارەی رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٥ تاوتوێ بكات، هاوكات لەگەڵ خوێندنەوەی چەند پرۆژەیاسایەكی دیكە.



بەپێی كارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە راپۆرتی لیژنەی دارایی پەرلەمان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠١٥ تاوتوێ بكات.



هەروەها بەپێی كارنامەكە بڕیارە پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای ئەندامبوونی عێراق لە رێككەوتنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پارێزبەندی وڵاتان و سامانیان لە فەرمانڕەوایی دادگایی و چەند پرۆژەیاسایەكی دیكە بكات.



پەرلەمانی عێراق پێشتر لە دانیشتنێكی نائاسایی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠١٥ ئەنجامدا، كە بڕەكەی بە ١٢٣ ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و پێشبینیدەكرێت نزیكەی ٢٣ ترلیۆن دینار كورتبێنێ.



هاوكات دیارترینی بڕگەكانی بودجەی ٢٠١٥ رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقە لە بارەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كەركووك و پێدانی پشكی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە لە بودجەی ٢٠١٥.