وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ هاورده‌كردنی سێوی سوری ئێرانی بۆ هه‌رێم قه‌ده‌غه‌ده‌كات، پاش ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی له‌باره‌ی بونی زیانی بۆسه‌ر ته‌ندروستی بڵاوبوه‌ته‌وه.
وه‌زیری كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له‌لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، بڕیاردرا له‌مه‌ودوا هاورده‌كردنی سێوی سوری ئێرانی بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ كاتێكی نادیار قه‌ده‌غه‌بكرێت. هۆكاری بڕیاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه كه ئه‌و جۆره سێوه به‌رێژه‌یه‌كی زۆر نیشانه‌ی تێكچونو بۆگه‌نبونی لێدهركهوتوه كه مهترسیو گومانی تێكچونی باری ته‌ندروستی لێده‌كرێت.
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه تۆمارێكی ڤیدیۆیی له‌تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوبوه‌ته‌وه‌و تیایدا باس له‌و روپۆشه ده‌كرێت كه سێوی هاورده‌كراوی پێداپۆشراوهو ئه‌گه‌ری مه‌ترسی بۆسه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤی هه‌یه.
وه‌زیری كشتوكاڵ رونیشیكرده‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌رجه‌م كهڕهنتینهی خاڵه‌كانی سه‌رسنورو مه‌رزه‌كان ئاگاداركرانه‌وه كه له‌مه‌ودوا هاورده‌كردنی سێوی ره‌نگ سوری ئێرانی بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان تا كاتێكی دیاریكراو قه‌ده‌غه‌بكرێت.
لای خۆیه‌وه لیپرسراوی كه‌ره‌نتینه‌ی كشتوكالی باشماغ، به‌هێز عه‌بدولـله‌تیف به‌سایتی ژوری بازرگانی راگه‌یاند، له‌سه‌ره‌تای مانگی ١٢ی ساڵی رابردوه‌وه داوامان له‌وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ كردوه هاورده‌كردنی سێوی سور راگیرێت.
وتیشی، له ١٢/١ تا ١٢/٢٠ نزیكه‌ی سێ تهنو ٢٣٠ كیلو سێوی ئێرانیمان رهتكردوتهوه به‌هۆی خراپی سێوهكانهوه كه تۆوه‌كانیان ره‌سه‌ن نیه‌و سه‌رما بردویهتیو ئه‌و شه‌كره‌ی تیایه‌تی نه‌ماوه، جگه له‌وه‌ی له‌روی ده‌ره‌وه جوانه، به‌لام له‌ناوه‌وه خراپبوه.
هاوكات به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی سلێمانی، د. میران محه‌مه‌د، رایگه‌یاند، باشتره هاورده‌كردنی سێ‌و رابگیرێت تا ئه‌وكاته‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كشتوكاڵه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا زیانی بۆسه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ هه‌یه یان نا.