“زیادكردنی باج هەرێمیش دەگرێتەوە”

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌‌و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، هه‌ر بڕیارێك له‌باره‌ی هه‌رسێ تۆڕی مۆبایلی (ئاسیاسێل، كۆڕه‌ك تلیكۆم‌و زه‌ین) بدرێت‌و باج له‌سه‌ریان زیاد بكرێت، هه‌رێمی كوردستانیش ده‌گرێته‌وه‌.
(ئومێد محه‌مه‌د) بە NNA راگەیاندووە، مۆڵه‌تی كاركردنی كۆمپانیاكانی مۆبایل له‌عێراق‌و هه‌رێمدا، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ ده‌درێت، بۆیه‌ هه‌ر باجێك زیاد بكرێت، له‌هه‌رێمی كوردستانیش باجه‌كه‌یان له‌سه‌ر زیاد ده‌كرێت، به‌ڵام تا ئێستا به‌فه‌رمی له‌زیادكردنی باجه‌كان له‌سه‌ر هۆیه‌كانی په‌یوه‌ندی‌و كارتی مۆبایل ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر بڕیارێك له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌ربچێت جێبه‌جێی ده‌كه‌ن.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌‌و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی زیادكردنی باج له‌سه‌ر ئینته‌رنێت ده‌ڵێت:”مۆڵه‌تی كاركردنی كۆمپانیاكانی بواری ئینته‌رنێت له‌هه‌رێمدا، له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ده‌درێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر باج له‌سه‌ر ئینته‌رنێت زیاد بكرێت، جیاواز ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق‌و حكومه‌تی هه‌رێم خۆی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڕیاری زیادكردنی باج ده‌دات”.
به‌گوێره‌ی بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، بڕیاره‌ له‌ساڵی داهاتودا باج له‌سه‌ر كارت‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی مۆبایل‌و هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێل زیاد بكات.