لەبەرامبەر قۆرغكاری بازاڕ لەلایەن كۆمپانیا توركی و ئێرانیەكانەوە،ژووری بازرگانی و پیشسەسازی سلێمانی داوادەكات حكومەت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بكات كە بازرگانانی ووڵاتانی دیكە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
ڕۆژی دوشەممە 22/12/2014 لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نەوزاد غەفور جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی لەگەڵ ژمارەیەك لە بازرگانی شاری سلێمانی كۆبونەوە بەمەبەستی دانانی چەند پێشنیارێك بۆحكومەت و پەرلەمان بۆچارەسەركردنی هاتنی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ هەرێمی كوردستان و بەشێوەی بازرگانانی ناوخۆ مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند” حكومەت هیچ هاوكاریەكی كۆمپانیەكانی خۆمانی نەكردووە وەك كۆمپانیاكانی ووڵاتان، كە لەكردنەوەی پێشانگاو لە ڕیكلامكردنیاندا هاوكاریاندەكات و كۆمپانیا بیانیەكان قازانجەكانیشیان دەبەنەوە بۆ ووڵاتەكانی خۆیان چونكە حكومەت یاسایەكی باشی دانەناوە بۆ كۆمپانیاكانی خۆمان تا بە ئازادانە بازرگانی بكەن و بتوانن مونافەسەی بازرگانە توركیەكان بكەن”.
وتیشی” ئێمەداوامان لەحكومەت ئەوەیە یاسایەك دەربكات بۆ بازرگانی كە 49% بە 50% بێت یان بەڕێژەیەك گومرگیان بخاتەسەر بۆئەوەی ئێمەش بتوانین مونافەسەی ئەوان بكەین و كاڵاكان بفرۆشرێت”.
سەرۆكی ژوری بازگانی ئاماژە بەوەدەكات كۆمەڵێك كارگەمان هەیە كە لەكوردستاندا كاریان هەیە بەڵام بەهۆی كۆمپانیا توركی و ئێرانیەكانەوە وایانلێهاتوە نەتوانن كارگەكانی خۆمان كاربكەن بۆیە داوادەكەین ئەو كاڵایانەی كەلەلای خۆمان بەرهەم دەهێندرێت حكومەت پارێزگاری لێبكات و گومرگ لەسەر ئەو كاڵایانەی ئەوان دابنێت”.
لای خۆشیەوە جوتیار حەسەن بازرگان لەشاری سلێمانی ڕایگەیاند:” كێشەی ئێمە وەك بازرگانی نیشتمانی هەرێم كێشەمان توشدەبێت بەهۆی ئەو كۆمپانیا بیانیانەی هاتونەتە كوردستانەوە بەهاوكاریەكی زۆرەوە بەڵام ئێمە ئەو هاوكاریە نەكراوین لەلایەن حكومەت و كەرتی بازرگانی خۆمانەوە.
ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر بازرگانێكی كورد بچێتە ووڵاتێكی تر هیچ ئاسانكارییەكی بۆناكرێت بەڵام ئەوان بەهەمو شێوەیەك كارئاسانیان بۆدەكرێت بەمەش بازرگانی ناوخۆی خۆمان بەرەو پێش ناڕوات و وەك خۆی دەمێنێتەوە.
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا ڕۆژی چوارشەممە 24/12 كۆبونەوە دەكرێت لەشاری هەولێر بۆ بازرگانانی هەرسێ شارەكە تا بەتەواوەتی بتوانین ڕێگەچارەیەك بۆ ئەو كێشەیە بدۆزینەوە.


