گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت 25ی ئەم مانگە بەبۆنەی لەدایکبوونی مەسیح و هەروەها 1-1-2015 پشووی فەرمی دەبێت لە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان.
سەفین دزەیی لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو دامودەزگا و فەرمانگانەی سەر بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵان، ئەوا خۆیان بەپێی بەرنامەی خۆیان پشووەكانیان رێكدەخەن.
دەقی راگەیێنراوەکە
سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەماڵپەڕی فەرمی حكومەتی راگەیاند: بەبۆنەی جەژنی لەدایكبوونی مەسیح (د.خ)، ئاگاداری هاووڵاتیانی بەڕێز دەكەینەوە كە رۆژی 2014/12/25 ، لەسەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان پشووی فەرمیە.
بەم بۆنەیەشەوە پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی برایانی كریستیان لەكوردستان وعیراق وهەموو جیهان دەكەین، هیوای ساڵێكی پڕ لەئارامی وئاشتی وسەقامگیری بۆ هەموولایەك دەخوازین.
هەروەها راشیدەگەیەنین كە رۆژی 2015/1/1 لەسەرجەم دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بەبۆنەی سەری ساڵی تازەوە دەبێتە پشووی فەرمی.
دزەیی راشیگەیاند : لەبارەی ئەو دامودەزگا وفەرمانگانەی سەر بەهەردوو وەزارەتی پەروەردە وخوێندنی باڵان، ئەوا خۆیان بەپێی بەرنامەی خۆیان پشووەكانیان رێكدەخەن وهەر بەم پێیەشەوە جێبەجێ دەكرێت.