عێراق باج‌ و ته‌عریفاتی‌ گومركی زیاد دەكات

چاره‌سه‌ركردنه‌كه‌ش به‌زیادكردنی‌ باج‌ و ته‌عریفاتی‌ گومركی‌ له‌سه‌ر ئه‌و كاڵایانه‌ی‌ هاورده‌ده‌كرێن، جگه‌ له‌ده‌رمان‌ و مه‌وادی‌ خۆراك.
ڕۆژنامه‌ی‌ (ئیستقامه‌) بڵاویكرده‌وه‌، (هۆشیار زێباری‌) وه‌زیری‌ دارایی‌ عێراق له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا له‌به‌غدا ڕایگه‌یاند، بودجه‌ی‌ گشتی‌ عێراق بۆ ساڵی‌ (2015) به‌ڕێژه‌ی‌ زیاتر له‌ (35) ترلیۆن دینار كورتیهێناوه‌، له‌ئێستاشدا وه‌زاره‌ت سه‌رقاڵی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ گونجاوه‌ بۆ ئه‌و كورتهێنانه‌، ئه‌ویش پشت به‌ستن به‌داهاتی‌ دیكه‌ی‌ ناوخۆ جگه‌ له‌داهاتی‌ نه‌وت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ به‌نیازه‌، له‌قۆناغی‌ داهاتودا باج زیاد بكات، هه‌وره‌ها ته‌عریفه‌ی‌ گومركی‌ له‌سه‌ر هاورده‌كردنی‌ سه‌رجه‌م كاڵاكان جگه‌ له‌ده‌رمان‌و مه‌وادی‌ خوارده‌مه‌نی‌ زیاد بكات.
 
(هۆشیار زێباری‌) وتیشی‌:”ژماره‌یه‌ك له‌وڵاته‌ زلهێزه‌كانی‌ وه‌م ئه‌مریكا‌و به‌ریتانیا، له‌بودجه‌ی‌ گشتی‌ ساڵانه‌دا پشت به‌باج ده‌به‌ستن، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌مه‌ودوا حكومه‌تی‌ عێراقیش باج بكاته‌ سه‌رچاوه‌ی‌ داهات”.
(هۆشیار زێباری‌) وه‌زیری‌ دارایی‌ عێراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد، دوای‌ ته‌واوبونی‌ كاری‌ لیژنه‌ی‌ وه‌زاری‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ كورتهێنان له‌بودجه‌دا، له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ داهاتودا پرۆژه‌یاسای‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ (2015) له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران په‌سه‌ندده‌كرێت.