” دابه‌زاینی‌ نرخی‌ نه‌وت هه‌ڵوێستی‌ ئێران و روسیای‌ نه‌گۆڕیوه‌”

غونه‌یم زوعبی‌ نوسه‌ری‌ كوه‌یتی‌ له‌ وتارێكیدا ئاماژه‌ی‌ به‌و زیانانه‌ كردووه‌ كه‌ به‌هۆی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وته‌وه‌ به‌ر وڵاتانی‌ كه‌نداو گه‌یشتوون و جه‌ختیشی‌ له‌سه‌ر نه‌گۆڕیی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ ئێران و روسیا كردووه‌ته‌وه‌ له‌ رووی‌ پشتیوانیكردنیان له‌ سوریا. 
غونه‌یم زوعبی‌ پێیوایه‌ فشاری‌ دابه‌زاندنی‌ نرخی‌ نه‌وت، نه‌بووه‌ مایه‌ی‌ هێنانه‌دی‌ ئامانجه‌كانی‌ و نه‌بووه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێران و روسیا هه‌ڵوێستی‌ خۆیان له‌به‌رانبه‌ر سوریادا بگۆڕن، بۆیه‌ تێكڕای‌ وڵاتانی‌ به‌رهه‌مهێنی‌ نه‌وت و به‌تایبه‌تیش وڵاتانی‌ كه‌نداو، زیانێكی‌ زۆرییان به‌هۆی‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌. 
غونه‌یم ئه‌وه‌ی‌ خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ قاسم سلێمانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران تائێستاش له‌ عێراقه‌ و حزبوڵای‌ لوبنانی‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ پشتگیریی‌ كردنی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ به‌شار ئه‌سه‌د و حوسییه‌كانیش تائێستا ده‌ستییان به‌سه‌ر سه‌نعادا گرتووه‌ و له‌ یه‌مه‌ندا باڵاده‌ستن و هه‌ڵوێستی‌ روسیاش سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگی‌ ئه‌هلی‌ له‌ سوریا، هیچ گۆڕانكارییه‌كی‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌. 
ئه‌و نوسه‌ره‌ كوه‌یتییه‌ له‌ وتاره‌كه‌یدا باسی‌ له‌ ئاستی‌ پێوانه‌یی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت كردووه‌ و پێیوایه‌ نرخی‌ نه‌وت له‌ئێستادا بۆ نرخی‌ ساڵانی‌ په‌نجای‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو دابه‌زیوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جگه‌ له‌ ئابوری‌ ئه‌مریكا، تێكڕای‌ وڵاتانی‌ به‌رهه‌مهێنی‌ نه‌وت زیانیان كردووه‌ و گرتنه‌به‌ری‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ش، ئامانجه‌كانی‌ خۆی‌ نه‌پێكاوه‌. 
radionawa