لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا، دابەزینی پشکەکانی روسیاش بەردەوامی هەیە.
دابەزینی بەهای روپێلی روسی بۆ نیو، تەنها کاریگەری لەسەر روسیا و دراوسێکانی نیە، بەڵکو کاریگەری راستەوخۆشی کردوەتە سەر کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان.
ئەڵمانیا: ئابوری ئەڵمانیا گەورەترین پەیوەندی هەیە لەگەڵ ئابوری روسیا، قەبارەی هاوکاری ئابوری نێوان ئەو دو وڵاتە لە ساڵێکدا دەگاتە (95) ملیار دۆلار، لەماوە رابردوشدا ئەڵمانیا رایگەیاند، بەهۆی قەیرانە جیۆسایسییەکانەوە، رێژەی گەشەی ئابوری لەمساڵ و ساڵانی داهاتودا کەم دەکات.
وڵاتانی دیکەی ئەوروپا: روسیا بەشێکی گرنگ لە پێداویستییەکانی وڵاتانی ئەوروپا لە پەنیر و گۆشتی بەراز و بەرخ پڕدەکاتەوە، هەروەها قەبارەی هەناردەکردنی خۆراک بۆ ئەوروپا لە ساڵێکدا دەگاتە (15) ملیار دۆلار، ساڵی رابردوش حکومەتی وڵاتانی ئەوروپی بڕی (156) ملیۆن دۆلاریان وەکو قەرەبو بەسەر جوتیاراندا دابەشکرد.
لقی کۆمپانیای فۆرد لە ئەڵمانیا گەورەترین گارگەی دروستکردنی ئۆتۆمۆبێلی لە روسیا هەیە و زیانی ئابوری گەورەی بەرکەوتوە، جگە لەوەش کۆمپانیای ڤۆلگس واگنی ئەڵمانی رایگەیاند: بەرێژەی (8%) فرۆشی ئۆتۆمۆبێلەکانی لە روسیا کەمیکردوە و جگە لەوەش پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە لەمساڵدا (12%) دابەزیوە.
هەروەها پشکەکانی کۆمپانیای کۆکاکۆلا لە روسیا بەرێژەی (32%) دابەزیوە.
لای خۆشیانەوە کۆمپانیای بی بی ئێن رایگەیاند: لەمساڵدا بەهای پشکەکانیان بەرێژەی (25%) دابەزیوە.
بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەوەکانەوە، روسیا (12) لقی چێشتخانەی بەناوبانگی ئەمەریکی “ماکدۆناڵدز”ی داخست بەبیانوی نەبونی مەرجی تەندروستییەوە.
هەروەها کۆمپانیای ئەدیداسی ئەڵمانیش چەندین لقی کۆمپانیاکەی لە روسیا داخست و رایگەیاند: قازانجی کۆمپانیاکە بەرێژەی (20% بۆ 30%) بەهۆی ئابوری روسیاوە دابەزیوە.