زۆربوون ئەوانەی هەوڵیان دا ئاڵاكەمان لەناو ببەن و نەشەكێتەوە، بەڵام ئێستا ئەم ئاڵا پیرۆزە كە ڕەمزی ئیرادەی میللەتەكەمانە دەشەكێتەوە و، چیدی هەڵگرانی ئاڵای ڕەش و تاریكی ناتوانن كوردستانەكەمان تاریك و ڕەش بكەن.
لەمیانی مەراسیمی ڕۆژی هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان ، كە هاوشانی دەزگاو دامەزراوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكەوتی (17/12/2014) لە ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕێز لە ئاڵای كوردستان گیراو زۆربەی كارمەندان بە جلوبەرگی كوردیەوە كاریانكرد.
سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند ئاڵا سیمای ناسینەوەی نەتەوەیە لە نێو نەتەوەكانی تری جیهان سیمبوڵی هەر نەتەوەیەكە ڕوخساری پێكهاتە و چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگەكەیەتی.
رۆژی ئاڵا، لە هەرێمی كوردستان وەك نیشانە و ڕەمزی خاوەندارێتی خاك و نەتەوە و ناسینەوەی شوناس و هێمای بەرخودان و گیان فیدای نیشتیمان و گەلە، بۆیە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بۆ بەكردەكردنی ئەو هاوكێشەیە لەڕۆژی (17/12)ی هەموو ساڵێك بە شێوازی جۆراو جۆر ئەو ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕادەگرن.