عێراق له‌ هه‌وڵدایه‌ دانەوەی قەرزەكانی كوەیت دوابخات

وه‌زیری دارایی عێراق ئاشكرای ده‌كات: حكومه‌تی به‌غدا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌، دوا وه‌جبه‌ی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی به‌ كوه‌یت، دوابخرێت كه‌ بڕه‌كه‌ی 4 ملیار و 600ملیۆن دۆلاره‌ و تایبه‌ته‌ به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌.
هۆشیار زێباری، وه‌زیری دارایی عێراق، له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز، ڕایگه‌یاندوه‌: به‌غدا له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌، دوا وه‌جبه‌ی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی به‌ كوه‌یت، دوابخرێت كه‌ بڕه‌كه‌ی 4 ملیار و 600ملیۆن دۆلاره‌ و تایبه‌ته‌ به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌‌و ئه‌وه‌شی‌ بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕاندوه‌ته‌وه‌ كه‌ عێراق به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌، دووچاری قه‌یرانی دارایی بوه‌ته‌وه‌.
به‌ وته‌ی زێباری: هه‌وڵده‌درێت قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كوه‌یت بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ یاخود ساڵێك دوابخرێت، بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بتوانێت ده‌رفه‌تی پێشكه‌شكردنی بودجه‌یه‌كی واقیعیی هه‌بێت.
به‌رپرسێكی لیژنه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كانی تایبه‌ت به‌قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كوه‌یت، به‌ ڕۆیته‌رزی راگه‌یاندوه‌: تائێستا هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه‌ سه‌باره‌ت به‌و خواسته‌ی حكومه‌تی عێراقی و هه‌رگۆڕانكارییه‌كیش له‌پرسی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كوه‌یت، پێویستی به‌ ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕیی‌ لیژنه‌كه‌یان هه‌یه‌.
به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی عێراقی، به‌غدا تائێستا توانیویه‌تی به‌ 5%ی داهاتی نه‌وته‌كه‌ی‌، بڕی 52 ملیارو 400 ملیۆن دۆلار قه‌ره‌بووی كوه‌یت بكاته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ش، باجی هه‌ڵه‌كانی ڕژێمی پێشووی عێراقه‌ له‌ داگیركردنی كوه‌یتدا.